توێژینەوەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی توێژەرانی تاقیگەی هاوبەشی دەروونناسی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی ویلایەتی ئەریزۆنا دەریخستووە کە ژنان لانیکەم وەک پیاوان لە پێوەندی لەگەڵ خوشک و براکانیاندا توند و تیژن— و لە زۆر حاڵەتدا، زیاتریش. لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکانی پێشووتر لە مێژە باس لەوە دەکەن کە پیاوان لە ڕووی جەستەییەوە توند و تیژترن لە ژنان، بە تایبەت لە دەرەوەی خێزان، ئەم کارە نوێیە ئەوە پیشان دەدات کە داینامیک بوونی پێوەندی خوشک و براکان وێنەیەکی جیاواز دەکێشێت. دۆزینەوەکان لە PNAS Nexus بڵاوکراونەتەوە.
بەگشتی ئەوە قبوڵکراوە کە پیاوان زیاتر لە ژنان بەشداری لە توند و تیژی ڕاستەوخۆ و جەستەیی دەکەن. ئەم گشتاندنە لەلایەن زانیاری جیهانییەوە پشتگیری دەکرێت کە دەریدەخەن پیاوان زۆر زیاتر ئەگەری ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژییان هەیە، لە لێدانی گۆڕەپانی یارییەوە تا کوشتن. ئەم نەخشانە بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانە فشاری پەرەسەندنی پێوەست بە هەڵبژاردنی هاوسەر و پێگەی کۆمەڵایەتی، بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە پیاوان، و نۆرمەکانی کولتووری کە کوڕان زیاتر لە کچان بۆ توند و تیژی هان دەدات .
بەڵام نزیکەی هەموو ئەو لێکۆڵینەوەیە لەسەر کارلێکی نێوان ئەو کەسانەیە کە خزم نین. زانیاری زۆر کەمتر بۆ ئەوە هەیەکە چۆن توندوتیژی لەناو خێزانەکەدا سەرهەڵدەدات، بەتایبەتی لەنێو خوشک و براکاندا. هەندێک تیۆری ئەوە نیشان دەدەن کە هەمان جیاوازی ڕەگەزی دەبێ بۆ پێوەندی خوشک و براکان بەکاربهێنرێت. هەندێکی تر پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ژینگەی خێزان ڕەنگە ویستنی توندوتیژی کەم بکاتەوە یان بیگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی جینی هاوبەش و هۆگربوونی درێژخایەنی نێوان خوشک و براکان.
مایکل ئی.دبلیو ڤارنوم، مامۆستای دەروونناسی و هاوکار لە نووسینی توێژینەوەکە دەڵێت: “خێزان بەڕاستی گرنگە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار لە دەروونناسی کۆمەڵایەتیدا چاوپۆشی لێدەکرێت“. “چەند ساڵێک لەمەوبەر، ئێمە زانیاریمان لە دەیان وڵات لەسەر گرنگی پاڵنەرە جیاوازەکان بۆ خەڵک کۆکردەوە، و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بۆمان دەرکەوت، کە بە تێکڕا، گرنگیدان بە خزمەکان بەهێزترین پاڵنەر بووە کە خەڵک ڕاپۆرتیان کردووە. ئەمە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا کە تا ئێستا لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردووە ڕاست بووە ، و ئەوەش وای لێکردین ئارەزووی پرسیارێکی فراوانتر بکەین.”بەشێکی گەورەی ئەوەی ئێمە سەبارەت بە دەروونناسی کۆمەڵایەتییەوە دەیزانین، پێوەندی بە چۆنیەتی کارلێک و بیرکردنەوە لەگەڵ کەسانێکە کە خزم نین ، بەڵام دەکرێت شتەکان لە چوارچێوەی پێوەندی خزمایەتیدا زۆر جیاواز دەربکەون؟ بە واتایەکی تر، بەشێکی گەورەی ئەوەی کە پێمان وایە سەبارەت بە دەروونناسی کۆمەڵایەتی مرۆڤەوە دەیزانین، ڕەنگە لەڕاستیدا دەروونناسی کارلێککردن لەگەڵ کەسانی نامۆ بێت یان ئەو کەسانەی کەخزم نین. وە لە هەندێک حاڵەتدا، ڕەنگە دەروونناسیمان لە چوارچێوەی کارلێکی خزمایەتیدا زۆر جیاواز دەربکەوێت.”
دۆزینەوەکانی پێشووی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە ژنان بە هەمان شێوە – یان تەنانەت زیاتریش – ئەگەری ئەوەیان هەیە لە کاتی توندوتیژیدا لەگەڵ خوشک و براکانیان ناکۆکی بکەن. بەڵام تا چەند ئەم نەخشەیە لە سەرانسەری ژینگەی کولتووری و ئابووری جیاوازدا دەگونجێت، تاقی نەکرابووەوە.
بۆ لێکۆڵینەوە لەم پرسیارە، توێژەران زانیارییان لە ٤١٣٦ بەشداربوو لە ٢٤ وڵات کۆکردەوە، لەوانە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و غەیرە ڕۆژئاوایی، کۆمەڵگای دەوڵەمەند و کەم داهات، هەروەها ناوچەی هەموو کیشوەرانی نیشتەجێبوو.
دۆگلاس کێنریک، نووسەری هاوبەشی توێژینەوەکە و مامۆستایەکی دیار لە بەشی دەروونناسی لە ویلایەتی ئەریزۆنا ڕوونیکردەوە، “هۆکاری ئەوەی ئێمە زانیاریمان لە سەرانسەری جیهان کۆکردەوە، ئەوە بوو کە لە لێکۆڵینەوەیەکی تازە لەسەر توند و تیژی ئەمریکییەکان بەرامبەر خوشک و براکان، دوو شتی سەرسوڕهێنەرمان دۆزیەوە؛ هەموو لێکۆڵینەوەکانی پێشوو دوو ڕاستی ئاشکرایان سەبارەت بەتوندوتیژی نیشان دابوو: 1- پیاوان زیاتر توندوتیژن، و 2. مرۆڤەکان لەگەڵ کەسوکاری خوێنیان میهرەبانترن . “بەڵام بۆمان دەرکەوت کە کاتێک باس لە لێدان یان هاوارکردن بەسەر کەسێکی دیکەدا دەکرێت، الف) مرۆڤەکان زیاتر ئەگەری توندوتیژییان بەرامبەر بە خوشک و براکانیان هەیە تا بەرامبەر بە هاوڕێ یان ناسیاوەکانیان، و ب) خوشکەکان لانیکەم وەک براکان توندوتیژن. ویستمان بزانین ئایا ئەم دۆزینەوە چاوەڕوان نەکراوانە لە وڵاتانی دیکەشدا بینراون- کە نیشاندەری شتێکە سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ- یان ئایا تەنها لە ئەمریکادا دۆزراونەتەوە- کە نیشاندەری تایبەتمەندییەکی ناوازەی کولتوری ئەمریکییە”.
بەشداربووان تەمەنیان جیاواز بوو و داوایان لێکرا ڕاپۆرتی بکەن کە چەند جار بەشداری جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژییان کردووە- وەک لێدان، هاوارکردن، قسەبڵاوکردنەوە، یان ڕاپۆرتکردنی ئاکاری خراپ- بەرامبەر بە خوشک و برا، هاوڕێ و ناسیاوەکانیان . داوایان لێکرا بە جیا بیر لە ئاکاری خۆیان لە منداڵی و گەورەساڵیدا بکەنەوە.
توێژینەوەکە فرێکوێنسی خۆڕاپۆرتی بەکارهێناوە نەک داوای پێشکەش کردنی ئاماری وردی ئاکار. هەرچەندە ئەم شێوازە هەندێک سنووری هەیە، بەڵام ڕێگەی بە توێژەران دا کە بە تێپەڕبوونی کات شێوازە فراوانەکانی تووڕەیی تۆمار بکەن. ئەو بەشداربووانەی کە خوشک و برای بایۆلۆژییان نەبووە لە توێژینەوەکە دەرکراون، و هەموو پرسیارنامەکان لەلایەن توێژەرانی هەر وڵاتێکەوە بۆ زمانە گونجاوەکان وەرگێڕدراون.
جۆرەکانی توند و تیژی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە کەوتوونەتە دوو پۆلی گشتییەوە: توند و تیژی ڕاستەوخۆ (کردەوەی جەستەیی وەک لێدان یان هاوارکردن) و توندوتیژی ناڕاستەوخۆ (شێوازەکانی زیانگەیاندن بە ناوبانگ وەک بڵاوکردنەوەی دەنگۆ یان ڕاپۆرتکردنی ئاکاری کەسێک بۆ کەسایەتییەکی دەسەڵاتدار). بەشداربووان ڕاپۆرتیان دا کە بەرامبەر بە خوشک و براکان، هاوڕێی ژن و پیاو، و ناسیاوەکانی ژن و پیاو چەندە تووشی ئەو ئاکارانە بوون، چ لە منداڵی و چ لە تەمەنی گەورەساڵیدا.
پیاوان بەردەوام ئاستێکی بەرزتر لە توندوتیژی ڕاستەوخۆیان لە هەردوو تەمەنی منداڵی و گەورەساڵی بەرامبەر بە کەسانێک کە خزم نین ڕاپۆرت کردووە. ئەم شێوازە ستانداردە- زۆرتر بوونی توندوتیژی پیاوان بەرامبەر بە کەسانێک کە خزم نین- لە نزیکەی هەموو وڵاتەکاندا بینرا، کە لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی پێشوودا یەکدەگرێتەوە و ئەوە نیشان دەدات کە داتاکان جیاوازی ڕاستەقینە و ناسراو تۆمار دەکەن.
بەڵام کاتێک هاتە سەر خوشک و براکان، ئەنجامەکان پێچەوانە بوون. بۆ نموونە لە منداڵیدا، ژنانی وڵاتانی وەک ئەمریکا، سوید، شیلی و پاکستان زیاتر لە پیاوان ڕاپۆرتیان هەبووە کە بەسەر خوشک و براکانیاندا هاواریان کردووە یان لێیانداون. ئەم شێوازە تا تەمەنی گەورەساڵی بەردەوام بوو، هەرچەندە جیاوازییەکان تا ڕادەیەک بچووکتر بوون. پیاوان لەگەڵ زۆربوونی تەمەنیان توندوتیژی زیاتریان بەرامبەر خوشک و براکان نیشان نەدا و لە زۆر حاڵەتدا، ژنان لە ڕاپۆرتکردنی ئاستی بەرزی توندوتیژی بەرامبەر بە خوشک و براکان تا تەمەنی گەورەساڵی بەردەوام بوون.
ئەنجامەکانی توندوتیژی ناڕاستەوخۆ تا ڕادەیەک جیاوازتر بوون، بەڵام ژنان هێشتا زۆرجار نمرەی وەک پیاوان یان زیاتریان بەدەستهێناوە. بە تایبەتی، ژنان زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەبووە کە ئاکاری خوشک و براکەیان بۆ بەرپرسانی خێزانەکە ڕابگەیەنن- وەک دایک و باوک یان خزمەکانی دیکە- چ لە منداڵیدا و چ لە تەمەنی گەورەساڵیدا. ئەم نەخشانە لە مەودایێکی فراوانتری کۆمەڵگەدا ، بەبێ گوێ دان بە ئاستی گەشەسەندنی ئابووری یان نۆرمەکانی کولتووری پێوەست بە ڕەگەز ڕاست بوون.
ڤارنوم دەڵێت: “پێموایە خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە کاتێک باس لە کارلێکی نێوان خوشک و براکان دەکرێت، ژنان لانیکەم وەک پیاوان تووڕەن”. “ئەمە نەک تەنها لە منداڵیدا، بەڵکو لە تەمەنی گەورەساڵیشدا ڕاستە. وە ئێمە ئەم دیاردەیە لە هەموو جیهاندا دەبینین. هەرچەندە لە کارلێک لەگەڵ کەسانێک کە خزم نین ، بۆمان دەرکەوت، وەک زۆر کەسی دیکەی پێش ئێمە، کە پیاوان زیاتر لە ژنان بەشداری توندوتیژی ڕاستەوخۆ دەکەن، ئەم جیاوازییە ڕەگەزییە کاتێک مرۆڤەکان کارلێکیان لەگەڵ خوشک و براکانیان دەکەن نامێنێت یان پێچەوانە دەبێتەوە.”
ئەم ئەنجامانە ئەوە پیشان دەدەن کە جیاوازی ڕەگەزی لە توندوتیژیدا، تایبەتمەندییەکی جێگیر نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی بەرچاو بە ئامانجی توڕەییەوە پێوەستە. توندوتیژی لە نێوان کەسانێک کە خزم نین ڕەنگە کرداری کۆمەڵایەتی یان زاوزێی جیاواز بکات لە چاو تووڕەیی نێوان ئەندامانی خێزان. لە دەرەوەی خێزان، ڕەنگە پیاوەکان کێبڕکێ لەسەر پێگە، هاوسەر، یان سەرچاوەکان بکەن بە شێوەیەک کە پاداشتی باڵادەستی جەستەیی بداتەوە. لەناو خێزانەکەدا، زۆرجار خوشک و براکان کێبڕکێ دەکەن بۆ سەرنجدان، سۆز و خۆشەویستی دایک و باوک و سەرچاوە هاوبەشەکانی ماڵەوە- ئەو هۆکارانەی کە دەتوانن بە یەکسانی بۆ خوشک و براکان بگونجێن.
لەبەر ئەوەی خوشک و براکان نزیکەی نیوەی جینەکانیان هاوبەشە، تیۆری پەرەسەندن کە لەسەر بنەمای لەشجوانی گشتگیر دامەزراون، نیشان دەدەن کە لەوانەیە خۆیان لە جۆری توند یان زیانبەخشی توندوتیژی بەدوور بگرن. ئەمەش ڕەنگە ڕێگە بۆ ژنان خۆش بکات، ئەگەرنا بەهۆی بەشداریکردن لە ناکۆکی ڕاستەوخۆ لە دەرەوەی ماڵەوە لەگەڵ مەترسی زیاتر یان سزای کۆمەڵایەتی ڕووبەڕوو دەبنەوە . هەروەها ڕەنگە دایک و باوک بەپێی ڕەگەزی منداڵەکە بەرامبەر بە ململانێی خوشک و براکان کاردانەوەی جیاوازیان هەبێت ، و ڕەنگە بەهۆی تووڕەیی بەکوڕان سزای توندتر بدەن ، ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات دەتوانێت شێوازی ئاکارەکان لە قاڵب بدات.
توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆزینەوەکانیان نەک تەنها تیۆری پەرەسەندن کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی سێکسی دامەزراون، بەڵکو تیۆری ڕۆڵی کۆمەڵایەتیش کە جەخت لەسەر فێربوونی کولتووری و نۆرمەکانی جێندەری دەکاتەوە بەئاستەنگی دەکێشێت. هیچ کام لەم چوارچێوەیانە بە تەواوی ئەوە ڕوون ناکەنەوە کە بۆچی ژنان لە سەرانسەری کۆمەڵگەیەکی بەرفراواندا زیاتر لە پیاوان بەرامبەر بە خوشک و براکانیان توندوتیژی نیشان دەدەن، بە تایبەت کاتێک هەر ئەو ژنانە بەرامبەر بە ئەو هاوتەمەنەی کە خزم نیە توندوتیژبوونی کەمتر ڕاپۆرت دەکەن.
ڤارنوم وتی :”ئێمە پێشتر ئەم نەخشەیەمان لە هەندێک نمونەی ئەمریکیدا بینیبوو، بەڵام هەمیشە پرسیارێک هەیە کە ئایا هەمان ئەنجام لە چوارچێوەی کولتووری زۆر جیاوازدا بەدەست دەهێنن یان نا؛ و هۆکاری زۆر هەبوون کە دەتوانن جیاوازییە کولتوورییە گەورەکان پێشبینی بکەن. بەڵام لە هەموو شوێنێک کە سەیرمان کرد، هەمان نەخشمان دۆزیەوە، و هیچ پێوەندییەکی سیستماتیکی لەگەڵ ئاستی سامان لە کۆمەڵگەدا، یان پلەی یەکسانیخوازی فراوان، یان بەڕاستی لەگەڵ هیچیەک لە هۆکارانی کولتووری دیکە کە سەیریمان دەکرد تێیدا نەبوو. بۆیە پێموایە ئەمە ڕەنگە هەندێک کەس سەرسام بکات”.
بەڵام هێشتا هەندێک سنوور هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. توێژینەوەکە پشتی بە خۆڕاپۆرتیێک بەستووە کە چاو لە ڕابردوو دەکات، کە کەوتوونەتە ژێر لایەنگری بیرەوەری و جیاوازی لێکدانەوە. بۆ نموونە ژن و پیاو ڕەنگە بە شێوەیەکی جیاواز توندوتیژی پێناسە بکەن یان لە بیریان بێتەوە، بە تایبەت بۆ ئاکاری ناڕوون وەک لێدان یان هاوارکردن. هەروەها لایەنگری خوازراوی کۆمەڵایەتی دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت، بە تایبەت لەو حاڵەتانەی کە پیاوان ڕەنگە پێیان خۆش نەبێ لە خوشکەکەیان بدەن. بەڵام توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە جیاوازی ڕەگەزی دامەزراو لە توندوتیژیان بەرامبەر بە کەسانێک کە خزم نین دووبارە کردووەتەوە، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە ئەو ڕێوشوێنانەی کە بەکارهێنراون تا ڕادەیەک ڕەوا بوون.
ڤارنوم دەڵێت: “هەموو ئەم زانیاریانە خۆیان ڕاپۆرتکراون”. “بۆیە هەموو ئەو سنوورانەی پێوەستن بەم جۆرە میتۆدۆلۆژیایە لێرەدا جێبەجێ دەکرێن. بە شێوەیەکی ئایدیاڵ، زۆر باشە ئەگەر ئەم بیرۆکەیە بە داتای چاودێری یان ڕاپۆرتی کەسانی دیکە تاقی بکرێتەوە.”
کێنریک زیادی کرد: “یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە کوڕان بە سادەیی پێیان خۆش نیە ڕاپۆرت بدەن کە لە خوشک و براکەیان داوە. “بەڵام ئێمە بەتەواوی هەمان نەخشمان دۆزیەوە کاتێک پرسیارمان لە گروپێکی دیکە کرد نەک سەبارەت بە توندوتیژی خۆیان، بەڵکو پرسیارمان کرد کە ئایا خوشک یان براکەیان لێیان داوە. تاکەکان ڕایانگەیاندووە کە خوشکەکانیان بە هەمان شێوەی براکانیان ئەگەری لێدان یان هاوارکردنیان هەیە. ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە ئەو خۆڕاپۆرتیانە ئەگەری ئەوەیان نییە بە شێوەیەکی خۆپەرستانە لایەنگرییان هەبێت.”
توێژینەوەکانی داهاتوو دەتوانن ئەم نەخشانە بە بەکارهێنانی شێوازەکانی چاودێری یان ڕاپۆرتی ئەندامانی خێزان بۆ پشکنینی ئاکاری خۆڕاپۆرتی بەرامبەرەکان لێکی دەنەوە. هەروەها پشکنینی ئەم بابەتە بەسوود دەبێت کە چۆن هۆکارەکانی وەک قەبارەی خێزان، ڕیزبەندی لەدایکبوون، پراکتیکەکانی سزادانی دایک و باوک و دۆخی ئابووری _کۆمەڵایەتی کاریگەرییان لەسەر داینامیک بوونی پێوەندی خوشک و براکان لە سەرانسەری کولتوورەکاندا هەیە.
ڤارنوم دەڵێت: “لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە سەر زۆرێک لە دۆزینەوەکانی کلاسیکی دیکەی دەروونناسی کۆمەڵایەتی دەکەین کە ڕەنگە بە هەمان شێوە لە چوارچێوەی پێوەندی خزمایەتیدا دەرنەکەون، پلانیشمان بۆ هەندێک لێکۆڵینەوە هەیە کە هیوادارین بەم زووانە دەستپێبکەین.کەواتە چاوەڕوان بن!”
The study, “Commonly observed sex differences in direct aggression are absent or reversed in sibling contexts,” was authored by Michael E. W. Varnum, Amanda P. Kirsch, Daniel J. Beal, Cari M. Pick, Laith Al-Shawaf, Chiara Ambrosio, Maria Teresa Barbato, Oumar Barry, Watcharaporn Boonyasiriwat, Eduard Brandstätter, Suzan Ceylan-Batur, Marco Antonio Correa Varella, Julio Eduardo Cruz, Oana David, Laina Ngom Dieng, Dimitri Dubois, Ana María Fernandez, Silvia Galdi, Oscar Javier Galindo Caballero, Sylvie Graf, Igor Grossmann, David Guzman, Peter Halama, Takeshi Hamamura, Martina Hřebíčková, Ioana Iuga, Lady Javela, Jaewuk Jung, Johannes A. Karl, Jinseok P. Kim, Michal Kohút, Anthonieta Looman Mafra, Dieynaba Gabrielle Ndiaye, Jiaqing O, Beatriz Perez Sánchez, Eric Roth Unzueta, Muhammad Rizwan, A. Timur Sevincer, Eric Skoog, Eunkook M. Suh, Daniel Sznycer, Evelina Thunell, Arnaud Tognetti, Ayse K. Uskul, Jaroslava Varella Valentova, Yunsuh Nike Wee, Anja Lundkvist Winter, Torin Peter Young, Danilo Zambrano, Anna Ziska, and Douglas T. Kenrick.
وەرگێڕ: سارا مووسەویان





