چارەسەری دەروونی سەرکەوتوو تەنیا پێوەست بە تەکنیک و شێوازی زانستی نیە؛ بەڵکو چۆنیەتی پێوەندی نێوان چارەسەرخواز و دەروونناس، سیفەتەکانی مرۆڤ و لێهاتوویی دەروونناس، ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لە کاریگەریی چارەسەرەکەدا دەگێڕن. لەم بابەتەدا باس لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ڕاوێژکار و دەروونناسی لێهاتوو دەکەین؛ ئەو تایبەتمەندیانەی کە هەم یارمەتی دروستکردنی متمانە دەدەن، و هەم پێشبینی سەرکەوتنی چارەسەریش دەکەن.
پوختە
سەرکەوتن لە چارەسەرکردنی دەرووندا بە چەندین هۆکارەوە پێوەستە؛ بەڵام یەکێک لە گرنگترینیان تایبەتمەندی و لێهاتوویی دەروونناسی باشە. لەم بابەتەدا، بۆ پێکهاتە سەرەکییەکان وەک هاودڵی، گوێگرتنی چالاک، پاراستنی بابەتە نهێنییەکان، خودناسی، خوێندەواری زانستی، دانانی سنوور بە لێهاتوویی و پێگەیشتوویی سۆزداری لێکۆڵینەوە دەکرێ .
1.هاودڵی ڕاستەقینە(Empathy)
یەکێک لە گرنگترین سیفەتەکانی دەروونناسی کاریگەر توانای هاودڵییە؛ واتە تێگەیشتنی هەستیارانە لە ئەزموونەکانی دەروونیی چارەسەرخواز لە ڕوانگەی خۆیەوە. هاودڵی وا لە چارەسەرخوازەکان دەکات کە هەست بکەن گوێیان لێدەگیرێت و وەرگیراون و لە ڕووی دەروونییەوە لە ئاسایش دان. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، هاودڵی بەهێزترین پێشبینیکەرە بۆ سەرکەوتن لە چارەسەرکردنی دەرووندا.
2.توانایی گوێگرتنی چالاک
دەروونناسی لێهاتوو تەنیا گوێ لە وشەکان ناگرێت؛ بەڵکوو لە هەست و بێدەنگی و جوڵەکانی جەستە و پەیامە شاراوەکانی پشت وشەکانیش تێدەگات. گوێگرتنی چالاک واتە ئاگاداربوون بە تەواوی، بە بێ حوکم دان )لە پێش ڕون بوونەوە( و بیربڵاوی. ئەم سیفەتە بنەمای دروستبوونی متمانە و پێوەندییەکی چارەسەری کاریگەرە.
3.پاراستنی بابهته نهێنیەکان و پاراستنی چوارچێوەی تایبەت بە نەخۆشەکە
هیچ دەروونناسێک ناتوانێت بەبێ متمانە بەردەوام بێت و پاراستنی نهێنیەکان پێکهاتێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی ئەم متمانەیە. دەروونناس دەبێت بە تەواوی پابەند بێت بە پاراستنی زانیارییە نهێنیەکانی چارەسەرخواز، تەنها لە بارودۆخی یاسایی تایبەتدا نەبێت )وەک مەترسی خۆکوشتن یان زیانگەیاندن بە کەسانی دیکە.(
4.زانیاری پسپۆڕانە و زانستی نوێ
دەروونناسی باش دەبێت زانیاری تایبەتی بەهێزی هەبێت لە بواری تیۆرییەکانی چارەسەری دەروونی، دەروونناسی پاتۆلۆژی و تەکنیکەکانی سەبارەت بە پێوەندی. هەروەها زۆر گرنگە بەشداری لە خولەکانی خوێندنی بەردەوام و خوێندنوەی توێژینەوەی نوێ بۆ ئەوەی بەردەوام نوێترین زانیاری بزانێت.
5. خودناسینی و ڕەنگدانەوە(Reflexivity)
دەروونناسی زانا نەک هەر چارەسەرخوازەکان دەناسێت، بەڵکو خۆشی بە باشی دەناسێت. بە ناسینی لایەنگری و هەست و کاردانەوەی هەستەکانی، ڕێگری لەوە دەکات کە ئەوانە کاریگەرییان لەسەر پێوەندی چارەسەری هەبێت. خودناسی یارمەتی دەروونناس دەدات کە ڕاستگۆ و ڕوون بمێنێتەوە لە ڕێگای پیشەکەیدا.
6.پێگەیشتوویی سۆزداری و بەرگەی ناڕوونی گرتن
دەروونناسی واتە کارکردن لەگەڵ ئازار و ترس و خەم و توڕەیی. دەروونناسی بەهێز دەبێت دەروونی جێگیر بێت، بتوانێت بەرگەی ناڕوونی بگرێت، و نەهێڵێت هەستەکانی زیاتر لە سنووری خۆیان تێکەڵ بن )هاودڵیێک کە هۆی تێکشکان ببت) و هەروەها نابێت هەستەکانی چارەسەرخواز پشت گوێ بخەن.
7.دانانی سنوور بە لێهاتوویی
سنووری ڕوون لە نێوان دەروونناس و چارەسەرخواز زۆر گرنگە. دەروونناس نابێت بچێتە ناو پێوەندییەکی دوولایەنە یان بە شێوەیەکی ناسەلامەت هۆگر بێت. نە سارد و دوور بێت، نە زۆر نزیک و گەرم و گوڕ بێت. دانانی سنوورەکان سەلامەتی پێوەندی چارەسەری و کاریگەرییەکەی دەپارێزێت.
ئەنجام
دەروونناسی باش تێکەڵەیەک لە زانست و ئەزموون و پێگەیشتنی هەست و مرۆڤایەتیە. تەنها بڕوانامە یان تەکنیکەکان بەس نین؛ سیفەتەکانی وەک هاودڵی، گوێگرتنی ڕاستەقینە، پاراستنی نهێنییەکان، خودناسی و نەرم و نیانی، جیاوازی دەروونناسێکی کاریگەر بە دیدەهێنێت.
ئەگەر تۆ بەدوای ڕاوێژکار یان دەروونناسێکی لێهاتوو دەگەڕێیت، ئەم پێوەرانە دەتوانن یارمەتیت بدەن بۆ هەڵبژاردنی ئاگادارانە. هەروەها ئەو تایبەتمەندییانە چرای ڕێگان بۆ ئەو پسپۆڕانە کە هەوڵ دەدەن بۆ گەشەکردنی توانایی ڕاوێژکاری دەروونی و لێهاتوویی.