پێشەکی: بۆچی دابڕان لە دایک لە قوتابخانە دەبێتە قەیران؟
دەستپێکردنی خوێندن یەکەم و گەورەترین هەنگاوی منداڵە بۆ جیهانێکی سەربەخۆ. بەڵام بۆ زۆرێک لە منداڵان و دایک و باوکان ئەم ڕووداوە خۆشە دەبێتە دیمەنی فرمێسک و دڵەڕاوکێ و نووسانی چڕی منداڵ بە دایک و باوکیانەوە. کێشەکە ڕەگ و ڕیشەی لە ساڵانی پێش قوتابخانەوە هەیە، کە ئێمە وەک دایک و باوک بەبێ ئاگاداری “خۆشەویستی”مان بە “گیرۆدەیی” گۆڕیوە. لەم بابەتەدا هۆکارەکانی گیرۆدەیی منداڵ و دەرئەنجامەکانی و چارەسەرێکی زانستیی بۆ بەڕێوەبردنی دڵەڕاوکێی جیابوونەوە دەخەینەڕوو.
ڕەگ و ڕیشەی گیرۆدەیی منداڵ:ئێمە چۆن ڕێگری لە سەربەخۆیی ئەو دەکەین؟
گیرۆدەیی منداڵ لە شەوێکدا گەشە ناکات، بەڵکو دەرئەنجامی زنجیرەیەک ئاکاری ڕۆژانەیە کە لە دەرفەتی سەربەخۆیی بێبەشی دەکا.
خۆراکدان بە منداڵ
کاتێک منداڵەکە توانای بەکارهێنانی کەوچک و چنگاڵی هەیە، بەڵام ئێمە خۆمان خۆراکی پێدەدەین لەبەر خێرایی یان ترسی ڕشتن، ئەوە لە یەکێک لە یەکەم و گرینگترین دەرفەتەکان بێبەشی دەکەین بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی لەودا.
جل و بەرگ لەبەرکردن و بەستنەوەی پێڵاو
تەنانەت کاتێک منداڵەکە کارامەیی پێویستی بەدەستهێناوە، ئەنجامدانی ئەم ئەرکانەی دایک و باوک بە شێوەیەکی نائاگایی ئەو پەیامە دەنێرێت کە “ناتوانی بە تەنیا ئەنجامی بدەیی”.
خەوتن لەگەڵ دایک و باوک
هەرچەندە ئە خووە ڕەنگە هەست بە ئاسایشی دەستبەجێ بە منداڵەکە بدا، بەڵام لە درێژخایەندا توانای “خۆ ئارامکردنەوە” و بەڕێوەبردنی تەنیایی بە توندی لاواز دەکا.
چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لەلایەن دایک و باوکەوە
کاتێک دایک و باوکەکان یەکسەر بە بچووکترین شەڕی نێوان منداڵان یان کێشەیەکی سادە دێنە یارمەتی، منداڵەکە هەرگیز دەرفەتی دۆزینەوەی چارەسەرێک و ئەزموونی خۆڕاگریی بەدەست ناهێنێ.
دەرئەنجامەکانی گیرۆدەیی زۆر: لە قوتابخانەوە تا تەمەنی گەورەیی
منداڵێک کە بەو گیرۆدەییانەوە بچێتە قوتابخانە، ڕووبەڕووی شۆکێکی گەورە دەبێتەوە. دەرئەنجامەکانی ئەم شۆکە بریتین لە:
دڵەڕاوکێی توندی جیابوونەوە
گریانێکی درێژخایەن و بێزاری و نوسان بە دایک و باوک لە یەکەم ڕۆژەکانی خوێندندا هەندێک لە نیشانە دیارەکانی ئەم دڵەڕاوکێیەیە.
شەرمنی و نەبوونی متمانە بەخۆیی
ئەو منداڵە کێشەی توندی دەبێ لە پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوتەمەنەکان و مامۆستاکانی و بە تەنیا لە گۆشەیەکدا دەمێنێتەوە.
بێتوانایی لە ئەنجامدانی ئەرکە کەسییەکان
کارە سادەکانی وەک کردنەوەی جانتا، ڕێکخستنی شتەکان یان دانانی پێڵاو دەبێتە ئاستەنگیەکی گەورە بۆی و وا دەکا هەست بە شەرمەزاری و بێدەسەڵاتی بکا.
نەخشێک بۆ تەمەنی گەورەیی
ئەم شێوازە گیرۆدەییە تا تەمەنی گەورەیی بەردەوام دەبێت و کەسەکە کێشەی دەبێ لە بڕیاردانی گرینگ و دروستکردنی پەیوەندی تەندروست و بەڕێوەبردنی فشارەکانی ژیان.
چارەسەری وابەستەیی منداڵ: پلانێکی وردە وردە و سەلمێنراو
کلیلی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئەوەیە کە “وردە وردە” مامەڵە بکەی. چارەسەری ” شۆک” و لەناکاو وازهێنان لە منداڵەکە تەنها دڵەڕاوکێی زیاتر دەکا. پلانێکی زانستی بەم شێوەیەیە:
هەوتووی یەکەم: یاوەری تەواو
دایک و باوک یاوەری منداڵەکە دەکات بۆ پۆل و بۆ ماوەیەکی کورت (نزیکەی 10 بۆ 15 خولەک) لە پۆلدا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی منداڵەکە ئاشنا بێت بە ژینگە نوێیەکە و هەست بە سەلامەتی بکات.
حەوتووی دووەم: کورتکردنەوەی ماوەی یاوەری
دایک و باوک تەنها دێتە بەر دەرگای پۆل. دوای ماڵئاوایییەکی کورت و ئەرێنی، منداڵەکە ڕادەستی مامۆستا دەکرێ. دایک و باوک دەتوانێ چەند خولەکێک لە حەوشەی قوتابخانە بمێنێتەوە بۆ ئەوەی منداڵەکە دڵنیا بکاتەوە.
حەوتووی سێیەم: یاوەری تا کۆتایی قوتابخانە
لەم قۆناغەدا دایک و باوک تەنها یاوەری منداڵەکە دەکات بۆ دەرگای سەرەکی قوتابخانەکە و لەوێ ماڵئاوایی دەکات.
حەوتووی چوارەم: گەیشتن بە سەربەخۆیی
لەم قۆناغەدا منداڵ هەست بە سەلامەتی دەکات کە دەتوانێت لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزێت و بە متمانەوە بەرەو پۆلەکە بڕوات.
خاڵە سەرەکییەکان بۆ جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەم داڕێژەیە
بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بی لە ئامادەکردنی منداڵەکەت بۆ قوتابخانە ئەو خاڵانەت لەبیرت بێت:
- ماڵئاوایی کورت و ئەرێنی: ماڵئاوایی زۆر درێژ مەکە. ماچێک و ڕستەیەکی دڵنیاکەرەوەی وەک “بە دڵنیاییەوە ئێوارە دێم لەدووت ، کاتێکی خۆش بەسەر بەرە، ئازیزم” بەسە. هەرگیز بە دزییەوە مەڕۆ.
- جەختکردنەوەیەکی ئارام: ئەگەر منداڵەکەت دەگری، بە هێمنی دڵنیای بکەوە کە هەموو شتێک باش دەبێ.
- لە ماڵەوە دەست بە خووی سەربەخۆ بکە: لە ئەمڕۆوە بەرپرسیارێتی بچووکی پێ بدە.
- هاندان لەبیر مەکە: ستایشی هەر هەنگاوێکی بچووک بکە کە منداڵەکەت بەرەو سەربەخۆیی دەینێ بە هاندانی زارەکی.
دەرەنجام: سەربەخۆیی وەبەرهێنانێکە لە داهاتووی منداڵەکەتدا
وەبەرهێنان لە سەربەخۆیی منداڵەکەتدا وەبەرهێنانی تەواوی ژیانیەتی لە داهاتوودا. بە سەبر و پلاندانان و پەیڕەوکردنی شێوازە وردە وردە پێشبردنەکان دەتوانین یارمەتی منداڵەکەمان بدەین بۆ جیابوونەوە نەک وەک کارەساتێک، بەڵکو وەک یارییەکی شیرین و هەنگاوێک بەرەو گەورە بوونی . بەم شێوازە زۆرێک لە منداڵان تەنانەت زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا و بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لە جیهانی نوێی خۆیان دەکەن.





