متمانە بەخۆبوون: چەکێکی بەهێزە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ترس و بەدەستهێنانی سەرکەوتن
ژیان هەندێک جار وەک شەڕێکی نادادپەروەرانە دەردەکەوێ، کاتێک ڕووبەڕووی ئامانج و خەونی گەورە دەبینەوە، ڕەنگە هەست بە بچووکی بکەین و دەنگی ترسی شکست لە دەنگی ئاواتەکانمان بەرزتر بێت. بەڵام چی دەتوانێت ئەم هاوکێشیە لە بەرژەوەندی ئێمەدا بگۆڕێ؟ وەڵامەکە لە هێزێکی دەروونی بەهێزدایە: “متمانە بەخۆبوون”.
متمانە بەخۆبوون چییە و بۆچی گرینگە؟
متمانە بەخۆبوون تەنیا هەستێکی باش یان سیفەتێک نییە ؛ باوەڕێکی پتەو بە خۆمان و تواناکانمانە کە ئازایەتیمان پێدەبەخشێ هەنگاو بنێینە ناو نەزانراوەکان و لە ناوچەی ئاسوودەیی خۆمان دەربچین و شەڕ بۆ ئەوەی باوەڕمان پێی هەیە بکەین.
متمانە بەخۆبوون؛ دژە ژەهری ترسی شکست
ڕەگی زۆرێک لە هەوڵە چەقبەستوو و نیوەکارەکان ترسی شکستە. ئێمە دەترسین لە حوکمدان، لەدەستدانی دەرفەتەکان یان لە بەرگەنەگرتنی شکست. بەڵام کەسی متمانە بەخۆبوو شکست بە شێوەیەکی جیاواز دەبینێت:
شکست وەک مامۆستایەک دەبینێت
بۆ کەسی متمانە بەخۆبوو، هەر شکستێکی نوێ ڕێگەیەکی نوێیە بۆ تاقیکردنەوە و دەرفەتێکە بۆ هەڵسەنگاندنی ستراتیژییەکەی. هەروەها تۆماس ئەدیسۆن پێش داگیرساندنی گڵۆپەکە بە هەزاران هەڵەدا تێپەڕی و هەریەکەیانی بە شکست نەدەزانی، بەڵکو هەنگاوێک بەرەو سەرکەوتنی دەزانی.
گرینگی بە پرۆسەکە دەدات نەک تەنها ئەنجامەکە
کاتێک باوەڕت بە خۆت و ئەو ڕێگایە هەیە ، چێژ لە هەموو هەنگاوێکی بچووک وەردەگریت. تەنانەت ئەگەر نەگەیتە ئامانجی کۆتایی، دەزانیت کە گەورە بوویی و فێربوویی و بەهێزتر بووی. ئەم ڕوانگەیە باری قورسی دەرئەنجامەکان لە شانت لادەبات.
کاتێک ترسی شکست نەما، ئەوە کاتێکە کە دەتوانی بەرەو پێشەوە بچی، تەنانەت ئەگەر خاو و دوودڵیش بی. گرینگ ئەوەیە بجوڵێی.
شەڕ بۆ ئامانجەکانت بکە! ڕۆڵی متمانەبەخۆیی لە کۆڵنەدان و هەوڵدان
گەیشتن بە هەر ئامانجێکی گەورە پێویستی بە شەڕێکی سەخت هەیە. شەڕێک لەگەڵ ئاستەنگ و بەربەست و ڕۆژانی نائومێدی. لەم شەڕەدا متمانەبەخۆیی وەک زرێیەکی پارێزەر و چەکێکی بەهێز کاردەکات.
تۆ دەستپێدەکەی
زۆر بیرۆکەی گەورە هەرگیز ناگەنە قۆناغی دەسبەجێکردن چونکە ترسی دەستپێکردن دەبێتە ڕێگر. متمانە بەخۆبوون ورەت پێدەبەخشێ بۆ ئەوەی هەنگاوی یەکەم بنێی کە قورسترین هەنگاوە.
تۆ بەرەنگاری بەربەستەکان دەبیەوە
کاتێک کەسێکی متمانە بەخۆبوو ڕووبەڕووی تەحەددایەک دەبێتەوە، وازناهێنێت. لەبری ئەوەی بڵێ “ناتوانم” لە خۆی دەپرسێ “چۆن دەتوانم بەسەر ئەم بەربەستەدا زاڵ بم؟” ئەم هەڵوێستە چالاکانە چارەسەری نوێ دەخاتە بەردەستی.
ڕەخنە قبوڵ دەکەیت و لێیەوە فێر دەبی گەشە بکەیی
متمانەبەخۆیی تەندروست بەو مانایە نییە کە تۆ پێت وایە کە تەواو و بێ کەموکوڕیت. بەو مانایەیە کە سەرەڕای لاوازییەکانت هێشتا باوەڕت بەخۆت هەیە. بۆیە تۆ ڕەخنەی بنیاتنەر نەک وەک هەڕەشەیەک، بەڵکو وەک دیارییەک بۆ باشترکردنی خۆت دەبینی.
کاریزما و کاریگەری زیاد دەکات
خەڵک متمانەیان بەو کەسانە هەیە کە باوەڕیان بە خۆیان و ئەو ڕێگایە هەیە کە لەسەریدایە. ئەم متمانەیە دەتوانێ کلیلی سەرکەوتن بێت لە دانوستانەکان و سەرکردایەتیکردنی گروپێک و دروستکردنی پەیوەندی کاریگەر.
چۆن متمانە بەخۆبوون بەرز بکەینەوە؟
خۆشبەختانە متمانە بەخۆبوون سیفەتێکی زگماکی و جێگیر نییە؛ کارامەییەکە وەک هەر کارامەیییەکی تر دەتوانی بەدەستی بێنی:
ئامانجی بچووک دابنێ
گەیشتن بەم ئامانجە بچووکانە وەک پێپلیکان وایە کە لە باوەڕە گەورەکەت نزیکت دەکاتەوە.
میهرەبان بە لەگەڵ خۆت
گفتوگۆ دەروونیەکانی خۆت بگۆڕە. لەبری ئەوەی خۆت تاوانبار بکەی بۆ هەڵەکان، وەک ڕاهێنەرێکی مێهرەبان لەگەڵ خۆت قسە بکە.
فێربوونی زانست و لێهاتوویی
لەگەڵ زیاتر بەتوانابوونت لەو بواری ئامانجەکەت، متمانە بەخۆبوونت بە شێوەیەکی سروشتی زیاد دەکات.
بەهێز بوەستە و بەهێز قسە بکە
زمانی جەستەت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەستت هەیە لە دەروونەوە.
خۆت بە کەسانی ئەرێنی و پشتیوان دەورە بدە
ئەو کەسانەی باوەڕیان پێت هەیە و هانت دەدەن و بزوێنەری متمانەبەخۆبوونتن .
لە کۆتاییدا
لەبیرت بێت کەس وەک کانگای متمانە بەخۆبوون لەدایک نابێت. تەنانەت سەرکەوتووترین کەسانیش گومان و ترسیان بەسەر هاتووە. جیاوازی ئەوەیە لەبری ئەوەی گوێ لە دەنگی ترس بگرن، گوێیان لە دەنگی باوەڕی دەروونی خۆیان گرتووە.
بۆیە بێ وەستان شەڕ بکە بۆ خەونەکانت. باوەڕت بە خۆت و تواناکانت هەبێت. شکستەکان وەک هەنگاوێک بۆ پێشکەوتن بزانە و هەرگیز مەهێڵە ترسی شکست ڕێگریت لێبکات . چونکە تەنها ئەوانەی باوەڕیان بەخۆیان هەیە دەتوانن ئەوانی تر لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ لوتکەی سەرکەوتن. ڕێگای پێشەوە هی تۆیە، بە متمانەوە داگیری بکە.






