هاوسەرگیری دووبارە

پێشەکی

هاوسەرگیری دووبارە دەتوانێ ببێتە پەیوەندییەکی خۆشەویستی بەردەوام؟ زۆر کەس بە ترس و دوودڵی بیر لە هاوسەرگیری دووەم دەکەنەوە دوای جودابوونەوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە هاوسەرگیری دووبارە سەرکەوتووە تەنانەت دەتوانێت قووڵتر و دڵخۆشکەرتر بێت لە هاوسەرگیری یەکەم. کلیلی ئەم سەرکەوتنە لە بەختدا نییە، بەڵکو لە ئامادەکاری دەروونی و فێربوون لە ڕابردوودایە. لەو بابەتەدا لە گرینگترین مەرجەکان دەکۆڵینەوە کە هاوسەرگیری دووەمتان دەکاتە چیرۆکێکی پڕ لە خۆشەویستی و گەشەکردن.


۱. ساڕێژکردنی برینەکانی ڕابردوو: مەرجی یەکەم بۆ دووبارە هاوسەرگیری

سەرەتا دەبێت بە تەواوی واز لە پەیوەندییەکەی پێشوو بێنی. ئەوەش مانای لەبیرکردن نییە، بەڵکو قبوڵکردنی کۆتایی پەیوەندییەکە و چاکبوونەوە لە ڕووی سۆزداری و دەروونیەوەیە.

  • کات بدە بە خۆت: ماوەی ماتەمینی بە گرینگ وەربگرە و هەستەکانت سەرکوت مەکە.
  • دڵشکاوی سۆزداری: کاتێک هێشتا گیرۆدەی توڕەیی یان پەشیمان دەبیەوە لە پەیوەندی ڕابردووت، ناتوانیت خۆشەویستی خۆت بە تەواوی بدەی بەو کەسە نوێیە.

۲. خۆئاگابوون و لێپرسینەوە: بۆچی یەکەم هاوسەرگیری شکستی هێنا؟

سەرکەوتن لە هاوسەرگیری دووەمدا پەیوەستە بەو بوێرییەی کە سەیری خۆت بکەیت، لە خۆت بپرسە: “ڕۆڵ و بەشی من لە شکستی پەیوەندی پێشوودا چی بوو؟”

  • بەرپرسیارێتی هەڵەکانت قبوڵ بکە: لەبری ئەوەی کەسی بەرامبەر لۆمە بکەی، سەرنجت لەسەر ئاکار و هەڵبژاردنەکانی خۆت بێ.
  • لە هەڵەکانی ڕابردوو فێربە: ئەوەش نەخشەڕێگایەکت پێدەبەخشێت بۆ گۆڕینی ئاکارەکانت و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی نەخشە تێکدەرەکان لە داهاتوودا.

۳. گۆڕینی ئاکار: بنیاتنانی “من”ێکی نوێ.

ناسینی هەڵەکان بەس نییە، دەبێ هەنگاو بنێی بۆ گۆڕینی ئەوان.

  • بەهێزکردنی سەبر و لێبوردەیی: ژیانێکی نوێ پێکەوە پێویستی بە هێمنی بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان هەیە.
  • فێربوونی تواناکانی پەیوەندیکردن: فێربە چۆن قسە بکەیی و گوێ لە بەرامبەرەکەت بگری بەبێ ئەوەی هێرش بکەیە سەری یان حوکم بدەی.
  • ڕاهێنانی بەڕێوەبردنی توڕەیی بکە: واز لە وەڵامە سۆزدارییەکانی ڕابردوو بێنە و بە وەستان و بیرکردنەوە وەڵام بدەوە.

۴. پاڵنەرە تەندروستەکان بۆ دووبارە هاوسەرگیری

هۆکاری دووبارە هاوسەرگیریت ئەرێنی و دەروونی بێ.

  • هاوسەرگیری مەکە بۆ ئەوەی شتێک بۆ کەسانی دیکە بسەلمێنی: سەلماندنی سەرکەوتن بۆ کۆمەڵگا پاڵنەرێکی ناتەندروستە.
  • هاوسەرگیری مەکە بۆ ئەوەی لە تەنیایی یان کێشەی دارایی ڕزگارت بێ: ئەم پێداویستیانە کاتییە و بناغەیەکی تۆکمە بۆ هاوسەرگیری دابین ناکەن.
  • هاوسەرگیری بۆ خۆشەویستی و هاوڕێیەتی: پاڵنەری سەرەکی دەبێ دۆزینەوەی هاوبەشی ژیانێک بێ بۆ ئەوەی ژیانێک پێکەوە بنیات بنێن.

۵. بە ژیرانە هاوسەرێک هەڵبژێرە بۆ دووبارە هاوسەرگیری

یەکێک لە هەڵە گەورەکان ئەوەیە کە لە هەڵبژاردندا پابەند بی بە نەخشی پێشووەوە.

  • پێشخستنی مەرجی گونجانی فیکری و بەهاکان: پێویستە هاواهەنگی لە ئامانجەکانی ژیان و بەهاکانی خێزان و شێوازی ژیاندا هەبێ.
  • بەدوای پێگەیشتنی سۆزداریدا بگەڕێ: لایەنی بەرامبەریش دەبێت لە ڕابردووی خۆی فێربێ و ئامادەبێ بۆ پابەندبوونێکی تەندروست و نوێ.
  • ڕابردووی یەکتر قبوڵ بکەن: مێژووی ژیانی یەکتر قبوڵ بکەن بەبێ حوکمدان و ئیرەیی.

۶. هیچ بەراوردێک مەکەن : ژیانی نوێ، یاسای نوێ

یاسای زێڕین لە دووبارە هاوسەرگیریدا بەراوردنەکردنە.

  • هاوسەرە نوێیەکەت کەسێکی سەربەخۆیە: بە پێوەرەکانی پەیوەندی پێشووت مەیپێوە
  • دوور بکەوەوە لە باسکردنی بەراوردکاری: دەستەواژەکانی وەک “لە ژیانی پێشوومدا…” لە وشەسازی خۆتدا مەهێڵە.

۷. ئامۆژگاری زیادە بۆ هاوسەرگیری دووەم

  • ڕاستیەکان ببینە و قبوڵی کە : بە ئاشکرا باسی دارایی و ڕۆڵ و منداڵ بکە (ئەگەر هەبن).
  • کات بدە بە منداڵەکانت: پەلە مەکە لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان منداڵەکانت و هاوسەرە نوێیەکەت.
  • پاراستنی هەستی شۆخی و گاڵتە : پێکەنین بە هەڵەکان فشاری دەروونی کەمدەکاتەوە.
  • وەبەرهێنان لە پەیوەندییەکەدا: کات و وزە بخە ناو ژیانی نوێتەوە.

قسەی کۆتایی

هاوسەرگیری دووبارەی سەرکەوتوو هەل نییە، بەڵکو هەڵبژاردنێکی هۆشیارانەیە. تۆ هەڵدەبژێریت لە ڕابردوو فێر بی، کار لەسەر گەشەکردنی کەسی خۆت بکەی و بە پاڵنەرێکی تەندروست، بناغەکانی ژیانێکی نوێ لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێز و ڕاستگۆیی بنیات بنێی. لەبیرت بێ ئەم هەلە دووەمە دیارییەکە بۆ دروستکردنی چیرۆکێکی جوانتر؛بە ژیری بەکاری بێنە.

5 ڤیدیۆی دوا لەم بەشە بەردەستە بۆ تۆ.

photo_2026-06-29_23-32-31
جیاوازی نێوان خەم و خەمۆکی
photo_2026-06-30_00-29-10
ڕاوێژکاری خێزان و چارەسەری دەروونی
پێوەندی-و-دڵداری-لە-ڕێگای-دوورەوە
پێوەندی و دڵداری لە ڕێگای دوورەوە / long distances relationship
گەر-دایک-کەیخودای-ماڵە
گەر دایک کەیخودای ماڵە !
جدایی-دابران
جودایی و دابڕان

دەتوانین لەسەر ئەم بابه‌ته قسه بکەین.

افسانه-احمدی
ئه‌فسانه ئه‌حمه‌دی ئازەر
کارناسی باڵای دەروونناسی کلینیکی

کۆرسێکی کە بۆ زۆربەی خەڵک سودمەند بووە.

لێدوان

لێدوانی تۆ سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته چیه؟

لێدوانێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *