پۆختە
ئارەزووی منداڵان بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵی نێوماڵ بە گشتی وەک خۆلیا یان ئارەزووی ساتی سەیر دەکرێت؛ بەڵام لە ڕوانگەی دەروونناسی پەروەردەییەوە، ئەم دۆخە دەتوانێت ببێتە سەکۆیەک بۆ پەرەپێدانی تواناکانی وەک بەرپرسیارێتی، دیسیپلین، هاودڵی و بەهێزکردنی قابلیەتی جێبەجێکردنی منداڵ. ئەم بابەتە بە شێوەیەکی زانستی لێکۆڵینەوە دەکاتەوە کە چۆن ویستنی ئاژەڵی نێوماڵ، ئەگەر بە باشی ڕێنمایی بکرێت، دەتوانێت ببێتە ئەزموونێکی قووڵی پەروەردەیی و بنیاتنەر.
پێشەکی
لە زۆرێک لە خێزانەکاندا، منداڵان ئارەزووی زۆر بۆ هەبوونی ئاژەڵی نێوماڵ نیشان دەدەن؛ هەندێکجار بۆ یاریکردن، هەندێکجار بۆ لەساییکردنەوە، و هەندێکجاریش بە هۆکاری سۆزداری. لە ڕووکەشدا، ئەمە داواکارییەکی سادەیە، بەڵام دەروونناسانی پەروەردەیی ئەم دۆخە بە «ساتێکی پەروەردەیی» دەزانن؛ واتە دەرفەتێک بۆ فێرکردنی ئەو کارامەییانەی کە ڕۆڵێکی بنەڕەتیان لە گەشەی کەسایەتی و کۆمەڵایەتیبوونی منداڵیان هەیە.
بە زۆربوونی شێوازەکانی پەروەردەکردنی بەشداریکاری و جەختکردنەوە لەسەر فێربوونی کردار، چاودێری ئاژەڵی نێوماڵ دەتوانێت ببێتە ئەزموونێکی ڕاستەقینە، بەرپرسیارانە و هاوبەشە بۆ منداڵێک، کە لە ڕێگەی کتێب و پۆل ناتوانرێت بەدەست بێت.
ئاژەڵی نێوماڵ وەک سەکۆیەک بۆ پەرەپێدان بە بەرپرسیارێتی
١. پاڵپشتیکردنی تیۆرییە دەروونناسییەکان
لە چوارچێوەی تیۆری گەشەسەندنی ئەخلاقی ژان پیاجێت و لۆڕێنس کۆلبێرگدا، منداڵ کاتێک لە دەرئەنجامی کارەکانی تێدەگات و خۆی بە بەرپرسیار لە بەرامبەر ئەوانی دیکە دەزانێت، دەچێتە قۆناغێکی گەشەسەندنی ئەخلاقیەوە. وەرگرتنی بەرپرسیارێتی ئاژەڵێک بە منداڵ دەرفەت دەدات کە چەمکەکانی وەک پابەندبوون و دەرئەنجام و لێپرسینەوە ئەزموون بکات.
لە تیۆری ئێریک ئێریکسۆندا، منداڵانی تەمەن ٦ بۆ ١٢ ساڵان ڕووبەڕووی ئاستەنگی “هەوڵدان دژی هەست بە ناتەواوی” دەبنەوە. ئەزموونی سەرکەوتوو لە چاودێریکردنی ئاژەڵدا دەتوانێت هەستی لێهاتوویی و کاریگەری منداڵ بەهێز بکات.
٢. بەرپرسیارێتی لە کرداردا: منداڵ چی فێر دەبێت؟
- بەردەوامی ئاکار: ئاژەڵەکان پێویستیان بە چاودێری بەردەوام هەیە. منداڵ فێردەبێت کە کارەکان تەنانەت لە کاتی بێزاری یان ماندووبووندا دەبێ ئەنجام بدرێن.
- دەرئەنجامی ڕاستەقینەی ئاکارهکه: ئەگەر خۆراکی پێ نەدەیت، ئاژەڵەکە برسی دەبێت. ئەگەر شوێنی ئاژەڵەکە پاک نەکرێتەوە بۆنی ناخۆش یان نەخۆشی لێدەکەوێتەوە. ئەم تێگەیشتنە بناغەی پەرەپێدانی ئاکاری ئەخلاقییە.
- پلاندانان و ڕێکخستن: منداڵ فێری دابەشکردن و ڕیزبەندی کردنی ئەرکەکانی ڕۆژانە دەبێت.
- هاودڵی و سۆزداری: پێوەندی سۆزداری لەگەڵ ئاژەڵێکدا پەرە بە هاوسۆزی لە منداڵدا دەدات، ئەمەش بناغەی ئاکاری کۆمەڵایەتی ئەرێنی لە داهاتوودایە
ڕۆڵی سەرەکی دایک و باوک: ڕێنمایی، نەک تەنها مۆڵەت
یەکێک لەو هەڵە باوانەی دایک و باوک دەیکەن، وازهێنان یان بەشدارینەکردنە لە پرۆسەی چاودێریکردنی ئاژەڵەکەدا. پەروەردەکردنی سەرکەوتوو پێویستی بە “ڕێنمایی وردە وردە” هەیە:
- هەڵبژاردنی ئاژەڵی گونجاو بەپێی تەمەن و ئاستی گەشەی منداڵ
- دابەشکردنی ئەرکەکان بەسەر بەشە بەڕێوەبەرەکاندا (بۆ نموونە، خۆراکدان، پاککردنەوە، یاریکردن)
- چاودێری ئەرێنی و هاندانی بەردەوام لەبری سەرزەنشتکردن لەکاتی هەڵەکردندا.
- پابەندبوون بە ڕێککەوتنە خێزانییەکان: بۆ نموونە ئەگەر منداڵەکە ئاژەڵەکەی نەویست، پێویستە بڕیاڕی سەبارەت بە چارەنووسی ئاژەڵەکە لەگەڵیدا تاوتوێ بکرێت.
دەرئەنجامە دەروونییەکانی درێژخایەن
- زیادکردنی خۆڕاگری سۆزداری
- پەرەپێدانی تواناکانی کۆمەڵایەتی و تاکی
- کەمکردنەوەی هۆگربوون و زۆرکردنی متمانە بەخۆیی
- ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی گەورەساڵان (دایک و باوکایەتی، چاودێریکردنی کەسانی تر)
ئەنجام
لە ڕوانگەی پەروەردەییەوە، داواکاری منداڵ بۆ هەبوونی ئاژەڵی نێو ماڵ دەرفەتێکی بەنرخ بۆ پەرەپێدانی بەرپرسیارێتی، پلاندانان، هاودڵی و ئەخلاقی کرداری دەڕەخسێنێت. بە ڕێنمایی دروستی دایک و باوک و هاوڕێیەتی گونجاو، ئاژەڵی نێو ماڵ دەتوانێت لە ئارەزووی سادەی منداڵییەوە بگۆڕێت بۆ یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازەکانی پەروەردەیی لە ماڵدا.
سەعدات شێخ ڕەحیمی
پسپۆڕی دەروونناسیی منداڵ و هەرزەکاران






