لێکۆڵینەوە درێژخایەنەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە کە ئەو ژنانەی ئاستی خۆقبوڵکردنیان بەرزترە، کەمتر بەشداری بەکارهێنانی کێشەداری پۆرنۆگرافیا دەکەن. سەرەڕای ئەوەش، ئەو ژنانەی کە زیاتر پۆرنۆگرافی بەکاردەهێنن، زیاتر کێشەیان لە بەشداریکردن لە ئاکارە ئامانجدارەکاندا هەیە. (ئەو دۆزینەوانە لە گۆڤاری Computers in Human Behavior بڵاوکراونەتەوە).
بەکارهێنانی کێشەداری پۆرنۆگرافی ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی ناچاری و ئالوودەبوون یان زیادەڕەوی لە پۆرنۆگرافی کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانە و پێیوەندییەکان و تەندروستی دەروونی مرۆڤ هەیە. ئەم کێشەیە پەیوەندی بە لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ هەیە، بەجۆرێک کە مرۆڤ بەردەوامە لە بەکارهێنانی پۆرنۆگرافی تەنانەت ئەگەر بیەوێت وازی لێبهێت. بەکارهێنانی کێشەداری پۆرنۆگرافی دەتوانێت ببێتە هۆی ناڕەحەتی و هەستی تاوانباری و تێکچوونی کار و چالاکی کۆمەڵایەتی و پێیوەندی سۆزداری.
هەندێک لە توێژەران ئەوە بە پەیوەندی ئالوودەبوون بە ڕەفتارەوە دەزانن، چوون هاوشێوەیە لەگەڵ قومارکردنی ناچاری و تێکچوونی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان. دڵەڕاوکێ، کێشە لە ڕێکخستنی هەستەکان و بارودۆخە بنەڕەتییەکانی تەندروستی دەروونی وەک دڵەڕاوکێ یان خەمۆکی دەتوانن بەشداربن لە گەشەکردنی خووی بەکارهێنانی کێشەداری پۆرنۆگرافی . بە تێپەڕبوونی کات، بەکارهێنانی زۆری پۆرنۆگرافی ڕەنگە ڕێڕەوی پاداشتی مێشک بگۆڕێت و ئاکاری ناچاری بەهێز بکات وەک ئالوودەبوون.
نووسەری توێژینەوەکە Ke Yu و هاوکارەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی توێژینەوەکان لەسەر بەکارهێنانی پۆرنۆگرافی پیاوان بووە، ئەمەش وایکردووە پەیوەست کردنی دۆزینەوەکان بۆ ژنان قورس بێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەم بۆشاییە، توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا کە لێکۆڵینەوەیان لەوە کرد ، ئایا بەکارهێنانی زۆر و بەردەوامی پۆرنۆگرافی، کێشەکانی ئاکاری ئامانجدار و خۆقبوڵکردن دەتوانن بەکارهێنانی کێشەدارانەی پۆرنۆگرافیای ئۆنلاین یەک ساڵی داهاتوو پێشبینی بکەن؟.
توێژەران گریمانەیان کرد کە ئەو کەسانەی زۆرتر پۆرنۆگرافی بەکاردەهێنن، زۆرتر کێشەیان لە بەشداریکردن لە ئاکاری ئامانجدار دەبێت و خۆقبوڵکردنیان کەمتر دەبێتەوە. جگە لەوەش چاوەڕێیان دەکرد کە خۆقبوڵکردن پەیوەندی نێوان زۆری بەکارهێنانی پۆرنۆگرافی و بەکارهێنانی کێشەداری پۆرنۆگرافی مامناوەند بکات. جیاوازی نێوان زۆری بەکارهێنانی پۆرنۆگرافی و بەکارهێنانی کێشەدار ئەوەیە کە زۆری ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ چەند جار پۆرنۆگرافی بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا بەکارهێنانی کێشەدار بریتییە لە ئاکاری ناچاری و لەدەستدانی کۆنترۆڵ و دەرئەنجامە نەرێنییەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا.
بەشداربووانی توێژینەوەکە بریتی بوون لە ٥٥٩ خاتونی خوێندکاری زانکۆ لە پارێزگای سیچوان لە چین و ڕێژەی تەمەنیان نزیکەی ٢٠ ساڵ بوو.
بەشداربووان دوو ڕاپرسی ئۆنلاینیان بە نێوانی ساڵێک پڕ کردەوە. ئەم ڕاپرسیانە هەڵسەنگاندنی بۆ بەکارهێنانی هەستپێکراوی کێشەداری پۆرنۆگرافیای لەخۆگرتبوو(بە بەکارهێنانیCyber-Pornography Use Inventory)،زۆری بەکارهێنانی پۆرنۆگرافی (بۆ نموونە، “نزیکەی چەند جار لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی ڕابردوودا سەیری پۆرنۆگرافیات کردووە [بۆ نموونە، گۆڤار، ئینتەرنێت، ڤیدیۆ]؟”)، کێشە لە ئەنجامدانی ئاکارە ئامانجدارەکان (کە بە وەشانی کورتکراوەی پێوەرەکانی ڕێکخستنی هەست پێوانە کرا)، و خۆقبوڵکردن (بە پرسیارنامەی خۆقبوڵکردن هەڵسەنگێندرا). ڕاپرسی یەکەم هەموو ئەم هەڵسەنگاندنانەی لەخۆگرتبوو، لە کاتێکدا ڕاپرسی دووەم کە ساڵێک دواتر ئەنجامدرا، تەنها بەکارهێنانی کێشەدارانەی پۆرنۆگرافیای ئۆنلاینی پێوانە کرد.
ئەنجامەکان دەریانخست کە ئەو ژنانەی لە سەرەتای توێژینەوەکەدا ئاستی بەکارهێنانی پۆرنۆگرافیای کێشەداریان برز تر نیشانداوە، ئەگەری بەکارهێنانی کێشەداریان لە دوای ساڵێک زیاترە. لە هەردوو کاتدا، بەکارهێنانی کێشەدار پەیوەندی هەبوو بە زۆری ڕێژەی بەکارهێنانی پۆرنۆگرافی، کەمبوونەوەی خۆقبوڵکردن و کێشەی زیاتر لە ئەنجامدانی ئاکاری ئامانجدار.
شیکارییەکانی زیاتر دەریانخست کە خۆقبوڵکردن پەیوەندی نێوان بەکارهێنانی پۆرنۆگرافیای کێشەدار و زۆری بەکارهێنانی پۆرنۆگرافیای مامناوەند کردووە. بەکارهێنانی کێشەداری پۆرنۆگرافی تەنها کاتێک پەیوەندی بە زۆری بەکارهێنانی پۆرنۆگرافیاوە بووە کە ئەو ژنانە ئاستی خۆقبوڵکردنیان مامناوەند یان کەم بووە. لە نێو ئەو ژنانەی کە خۆقبوڵکردنیان لە سەرووی مامناوەندەوە بوو، زۆری بەکارهێنانی پۆرنۆگرافی پەیوەندی بە بەکارهێنانی پۆرنۆگرافیای کێشەدارەوە نەبوو.
نووسەرانی توێژینەوەکە گەیشتنە ئەو ئەنجامە: “دۆزینەوەکانمان زانیاری دەربارەی میکانیزمە دەروونییە ئاڵۆزەکانی بەکارهێنانی کێشەدارانەی پۆرنۆگرافیای ئۆنلاین بە پێشکەشکردنی بەڵگە لەسەر ڕۆڵی ڕاستەوخۆ یان مامناوەندی زۆری بەکارهێنانی پۆرنۆگرافی، کێشەکانی بەشداریکردن لە ئاکاری ئامانجدار و خۆقبوڵکردن لەم میکانیزمانەدا دەبەخشن.”
ئەم توێژینەوەیە یارمەتی تێگەیشتن لە زانستی بنەما دەروونییەکانی بەکارهێنانی پۆرنۆگرافی دەکا . بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم توێژینەوەیە تەنیا لەسەر بنەمای خۆڕاگەیتندنی بەشداربووان بووە و باسی لە بابەتێک کردووە کە بارگرانییەکی کۆمەڵایەتی بەرچاوی هەڵگرتووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئەگەری ئەوە هەیە کە لایەنگری و ترس لە خۆدەربڕین کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان بووبێت.
The paper, “Self-regulation deficiencies and perceived problematic online pornography use among young Chinese women: The role of self-acceptance,” was authored by Ke Yu, Anise M.S. Wu, Chun Feng, Wen Zhao, and Guoguo Zuo
وەرگێڕ: سەحەر مودەڕرەسی