ڕاهێنانی ڕۆشتن بۆ ئاودەست
ڕاهێنانی ڕۆشتن بۆ ئاودەست بابەتێکە کە دەتوانێت ببێتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر بۆ دایک و باوک. زۆرجار کەسانێک کە تازە بوون بە دایک و باوک بەهۆی ئامۆژگاری نەگونجاوی خێزان و هاوڕێ و کەسانی پسپۆڕەوە سەریان لێ شێواوە. دایک و باوکانی بەئەزموون هەندێک جار نیگەرانن لەوەی کە شێوازێک کە بۆ منداڵێک بەسوودە، ڕەنگە بۆ منداڵێکی دیکە سوودی نەبێت. هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە چاوەڕێ بکەن و ڕێگە بدەن منداڵەکە خۆی بە شێوەیەکی سروشتی فێربێت. هەندێکی تر پێشنیاری ئەوە دەکەن فێرکاری ئاودەست لە یەک ڕۆژدا تەواو بکەن.
پێویستە چی بکەیت؟ ئایا منداڵەکەت بەهۆی ڕاهێنانی ڕۆشتن بۆ ئاودەست لە ڕووی دەروونییەوە ئازاری پێ دەگات؟ یان لەوەش خراپتر بە دایبیەوە دەبێت بچێتە زانکۆ؟ وەڵامەکە ئەوەیە نەخێر! هەموو منداڵان جگە لەوانەی کێشەی دەروونی یان جەستەیی قورسیان هەیە، درەنگ یان زوو فێری ڕۆشتن بۆ ئاودەست دەبن. تەنانەت زۆرێک لەو منداڵانەی کە دواکەوتوویی دەروونی توندیان هەیە دەتوانن کۆنتڕۆڵی عادەتی سروشت و تەبیعەتیان بکەن.
بێگومان هەندێک لە منداڵان سەختتر لە هەندێکی تر فێری ئەم بابەتە دەبن ؛ بەڵام لەبیرت بێت کە ئەمە پێوەندی بە جیاوازی نێوان منداڵانەوە هەیە و بە هیچ شێوەیەک جێگای نیگەرانی نییە. هەندێک لە منداڵان زووتر بە پێ دەڕۆن زووتر قسە دەکەن و…
سەبارەت بە ئازاری دەروونی بەهۆی ڕاهێنانی ڕۆشتن بۆ ئاودەستیشەوە، ئەزموون دەریخستووە کە تەنها لە حاڵەتێکدا دەتوانێت زیان بە تەندروستی منداڵ بگەیەنێت کە مامۆستایەکی توند و تیژ بیت و بەو هۆکارە منداڵەکە سزا بدەیت . ئەگینا ڕاهێنانی ئاودەست بەردی بناغە لە بنیاتنانی کەسایەتی منداڵ نییە.
با لێرەدا باس لە تێڕوانینێکی هەڵەی دیکە بکەین. هەندێک جار لە هاوڕێ و ناسیاوەکانەوە دەبیستیت کە منداڵەکەیان بۆ نموونە لە تەمەنی یەک ساڵیدا فێری ئەوە بووە کە بە تەنیا بچێت بۆ ئاودەست. باوەڕ بەم شتە مەکەن. دەگمەنە منداڵ پێش تەمەنی 18 مانگی فێری ئەوە بێت بچێت بۆ تەوالێت. منداڵێک کە لە تەمەنی یەک ساڵیدا خۆی پیس ناکات، ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە دایک و باوکی سەرنجیان بە نیشانەی منداڵەکە داوە و زۆر باش تێدەگەن کاتێک منداڵەکە، پێویستی بە ئاودەستە لە کاتی خۆیدا دەیبەنە ئاودەست ئەمە بەو مانایە نییە کە دەتوانێت خۆی ئەو کارە بکات بەڵام، لە ئەنجامدانی هەر کارێکدا، ڕەنگە ڕاهێنانی پێشوەختە زیانی لەگەڵ بێت. پێویستە ڕاهێنانی ڕۆشتن بۆ ئاودەست لە کاتێکدا ئەنجام بدرێت کە منداڵەکە لە ڕووی جەستەییەوە ئامادەی قبوڵکردنە. لە کۆرپەدا، هێشتا پێوەندی نێوان مێشک و سیستەمی دەردان تەواو نەبووە.هەر بۆیە، کۆرپە ناتوانێت بە ویستی خۆی دەردانی پیسایی کۆنترۆڵ بکات. ئەو تەنانەت تێناگات کە خۆی تەڕ کردووە. دەبێت بزانین کە کۆنتڕۆڵکردن، قۆناغی داهاتووی ئاگاداریە، واتە منداڵ سەرەتا دەبێت بگاتە ئەو قۆناغەی کە ئاگاداربێت خۆی پیس کردوە و دواتر بتوانێت کۆنترۆڵی بکات.
زۆرکردنی توانای میزڵدان بۆ ڕاگرتنی میز و هەروەها کەمبوونەوەی ژمارەی دەردان لە ڕۆژدا بۆ کۆنترۆڵکردنی میزو پیسایی یارمەتیدەرە. ڕیزبەندی ئاسایی تەواوبوونی کۆنتڕۆڵکردن ئاوایە: کۆنترۆڵکردنی پیسایی لە شەودا، کۆنترۆڵکردنی پیسایی لە ڕۆژدا، کۆنترۆڵکردنی میز لە ڕۆژدا، کۆنترۆڵکردنی میز لە شەودا. بێگومان دیاره که لەم ڕیزبەندییەدا هەندێک شتی جیا هەیە کە جیاوازن. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کچان بەگشتی زووتر کۆنترۆڵی دەردان دەگرنە دەست.
زۆربەی منداڵان، لە تەمەنی دوو بۆ سێ ساڵیدا ئامادەن ڕاهێنانی کۆنترۆڵکردنی پیسایی لە ڕۆژدا وەربگرن و ڕەنگە ژمارەیەکی بچووک لە منداڵان هەر لە ٢٠ مانگیدا ئامادەبن. بۆ ئەوەی بزانیت منداڵەکەت ئامادەی فێربوونە یان نا، ئەم زانیاریانەی خوارەوە بخوێنەرەوە فشار مەخە سەر خۆت بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەست بە ڕاهێنان بکەیت. کاتێک دەست بە ڕاهێنان بکە کە تۆ و منداڵەکەت زۆرترین ئەگەری سەرکەوتنتان هەیە. گرینگ بەو بابەتە مەدە کە «کوڕی دراوسێمان دەمێکەیە خۆی پیس ناکات».
ڕۆشتن بۆ ئاودەست کارامەیییەکی تۆزێک ئاڵۆزە! منداڵ دەبێت هەست بەوە بکات پێویستە بچێت بۆ ئاودەست و بیناسێتەوە، دەبێت بتوانێت تا دەگاتە ئاودەست و جلەکانی دەردەهێنێت و دەچێتە حاڵەتی گونجاو خۆی بگرێت. بێگومان ئەم هەنگاوانە ئەوەندە سادە نین. لەم وتارەدا شێوازی جیاوازی ڕاهێنانی ڕۆشتن بۆ ئاودەست پێشکەش دەکەین تا بە بەکارهێنانیان، سەختی ئەو ئەرکە کەم بکرێتەوە.
یەکەمجار پەروەردەی تیۆری دواتر پەروەردەی کرداری
دەتوانیت ئەم خاڵانەی خوارەوە هەم وەک پەروەردەی تیۆری بۆ منداڵەکە بەکاربهێنیت و هەم بۆ هەڵسەنگاندنی ئامادەیی منداڵەکە. لەبیرت بێت پێش ئەوەی دەست بکەیت بە ڕاهێنانی ئاودەست بە شێوەی کرداری ، پێویستە هەندێک خاڵ بۆ منداڵەکە ڕوون بکەیتەوە.
ئاگاداری لە جەستەی خود: ناوی بەشی جیاوازی لەش و ئەرکەکانیان بە منداڵەکانت بڵێ. بۆیان ڕوون بکەرەوە کە میز و پیسایی لە کوێوە هاتووە (ڕوونی بکەرەوە کە میز و پیسایی بەشێک لە جەستە نییە). منداڵ فێری ناوی ئەو ئەندامە بکە کە پێوەندی بە دەردان هەیە. تەنانەت کاتێک دەچیتە حەمام با بتبینن. نیگەران مەبە! ئەمە لە ڕووی دەروونییەوە زیانی بۆ منداڵ نییە تەنها بە شێوەیەکی ئاسایی مامەڵە بکە. بێگومان بۆ ئەوەی منداڵەکە سەرلێشێواو نەبێت، باشترە هاوڕەگەزی خۆی ببینێت، بەجۆرێک ئەگەر کوڕ بێت باوکی ببینێت و ئەگەر کچ بێت دایکی.
ئەو وشانەی پێوەندییان بە ئاودەست هەیە: پێویستە منداڵەکەت لەگەڵ ئەو وشانەی پێوەندییان بە ئاودەست هەیە ئاشنا بێت گرنگ ئەوەیە وشەیەک بە کاربهێنیت کە منداڵ لێی تێبگات، گرنگ نییە وشەکە چی بێت.
تێگەیشتن لە چەمکی وەک هەبوونی ئاودەست، پیسبوون، تەڕبوون: ئایا منداڵەکەت دەتوانێت بڵێت دەچم بۆ ئاودەست؟ یان خۆی تەڕ یان پیس کردووە؟ ئەم جۆر بابەتە کارامەیی گرینگ بۆ ڕاهێنانی ئاودەستە.
هاوکاری منداڵ و پەیڕەوی لە ڕێنمایی: ئایا منداڵەکەت دەتوانێت ڕێنمایی سادە و بچووک جێبەجێ بکات؟ بۆ نموونە، ئەگەر پێی بڵێیت دەستت بخەرە سەر سەرت، ئایا دەتوانێت ئەوە بکات؟ بۆ ئەوەی بزانیت ئایا منداڵەکەت ئامادەیە فێری بکەیت بچێت بۆ ئاودەست، بۆ نموونە پێی بڵێ شتێک لە ژوورەکە هەڵبگرێت و بیباتە تەوالێت و بیخەتە تەنیشت تەوالێتەکەوە. ئەگەر منداڵەکە، لە ڕێنمایی ئاسایی تێنەگەیشت، ڕاهێنانەکەت بە فێرکردنی ناوی کەلوپەل و شوێنەکان لە ماڵەوە دەست پێ بکە و لە بەرامبەر باش فێربووندا پاداشتی پێ بدە.
توانای جوڵەی جەستە: ئایا منداڵەکەت دەتوانێت ڕابکات یان بە پێ بچێت بۆ ئاودەست؟ ئایا دەتوانێت جلەکەی دابکەنێت و دیسان لەبەری بکاتەوە؟ ئەگەر نەیتوانی ڕاهێنانی درووستی ڕۆشتن بۆ ئاودەست زۆر بۆی قورستر دەبێت چون دەبێت خۆت بیبەیتە ئاودەست و جلی لەبەر دابکەنی و لەبەری بکەیتەوە. باشتر وایە ڕاهێنان بخەیتە کاتێک کە دەتوانێت بە باشی بڕوات یان ڕابکات.
کۆنتڕۆڵکردنی میز و پیسایی: ئایا منداڵەکەت دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر خۆی تەڕ نەکات؟ ئایا منداڵەکەت لە جێی ئەوەی چەندجار بە بڕی کەم، دوو یان سێ جار بە بڕی زۆر دەچێت بۆ ئاودەست؟ ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بەڵێ بێت، ئەوا ڕەنگە منداڵەکەت تا ڕادەیەک توانای کۆنترۆڵکردنی میزکردن و پیسایی خۆی هەبێت و هەر بۆیە ئامادەیە بۆ ڕاهێنانی ڕۆشتن بۆ ئاودەست.
ترس لەڕۆشتن بۆ ئاودەست: ئایا منداڵەکەت لە دەنگی ئامێری پاککەرەوەی تەوالێت دەترسێت یان لەوەی کە بکەوێتە ناو تەوالێت؟ هەندێک لە منداڵان لەم جۆرە بابەتانە دەترسن و زۆر گرنگە پێش دەستپێکردنی ڕاهێنانی ڕۆشتن بۆ ئاودەست ئەو جۆرە ترسانە لە ناویدا نەهێڵیتەوە.
خاتوو جوان کۆل لە کتێبە نایابەکەیدا بەناوی ڕێنمایی ڕاهێنانی ڕۆشتن بۆ ئاودەست، پێشنیاری ئەوە دەکات کە منداڵەکەت فێری ئەوە بکە ماڵئاوایی لە پیساییەکەی بکەیت کاتێک لە تەوالێت دەچێتە خوارەوە.





