مەترسی شاراوەی فلتەری جوانکاری ئۆنلاین: تا زۆرتر وێنەکەت دەستکاری بکەیت، زیانێکی زیاتر هاوردە دەکەیت.
هاندەری کۆمەڵایەتی و کولتووری بەهێز هەیە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە دەرکەویت، بۆیە سەیر نیە کە زۆر کەس هەوڵدەدەن خۆیان لە باشترین شێوەدا ـ بە تایبەت لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ـ پێشکەش بکەن. بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لە لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدەن کە زۆرجار فلتەری جوانکاری دیجیتاڵی کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی هەیە.
فلتەری جوانکاری چییە و بۆچی ئەوەندە خۆشەویستە؟
فلتەری جوانکاری ئامرازێکی تایبەتە بۆ دەستکاریکردنی وێنە کە زیرەکی دەستکرد بۆ گۆڕینی تایبەتمەندی دەموچاو لە وێنەکاندا بەکاردەهێنێت. فلتەرە باوەکان بریتین لە “فلتەری لاوازکردن”لە تیک تۆک کە وا دەکات دەموچاوت لاواز دەربکەوێت، هەروەها “فلتەری دەموچاوی بێ کەم و کوڕی”لە ئینستاگرام کە تایبەتمەندییەکانی دەموچاو بە ڕێژەیەکی ئایدیاڵ ڕێکدەخات.
ڕاپۆرتێکی زانکۆی سیتی لەندەن دەریخستوە کە فلتەری جوانکاری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی زۆردا خۆشەویست بووە. بۆ نموونە سناپچات بۆی دەرکەوتووە کە زیاتر لە سەدا90ی گەنجان لە ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا بەرهەمی فلتەر لە ئەپەکانیاندا بەکاردەهێنن. جگە لەوەش کۆمپانیایمێتا بڵاویکردەوە کە زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن کەس لە فەیسبووک یان ئینستاگرام فلتەریان بەکارهێناوە.
کاریگەری نەرێنی فلتەری جوانکاری لەسەر تەندروستی دەروونی
توێژەرانی زانکۆی سیتی لەندەن لێکدانەوەیان بۆ کاریگەری نەرێنی فلتەر لەسەر تەندروستی دەروونی کردەوە. لە نمونەیەکی تێکەڵ لە ١٧٥ بەشداربوو کە تێکڕای تەمەنیان ٢٠ ساڵە، لەسەدا ٩٠ی ژنانی گەنج ڕایانگەیاندووە کە فلتەریان بەکارهێناوە یان وێنەکانیان دەستکاری کردووە.
کاتێک لە بەشداربووان پرسیار کرا کە چ جۆرە فلتەرێک زۆرتر بەکاردەهێنن، کوتیان باوترینیان ئەو جۆرە فلتەرەیە کە بۆ یەکسانکردنی ڕەنگی پێست ، گەشاوەکردنی پێست، سپیکردنەوەی ددانەکان و بڕۆنزەکردنی پێست و کەمکردنەوەی قەبارەی جەستە بەکاردەهێنرێت. هەروەها بەشداربووان ئەو فلتەرەیان بەکارهێناوە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدان بۆ ئەوەی چەناگە یان لووتیان بگۆڕن، لێوەکانیان پڕدەربکەون و چاوەکانیان گەورەترنیشان دەن.
بۆچی بەشداربووان فلتەریان بەکارهێناوە؟ لەسەدا٩٤کەس باسیان لەوە کردووە کە بۆ گۆڕینی ڕوخساریان لە ژێر فشاردان و زیاتر لە نیوەیان فشارەکەیان توند و تیژ وەسف کردووە .
توێژینەوەکانی تر دەریدەخەن ئەو گەنجانەی کە بەرزەخۆییان کەمە و جەستەیان لاوازە، زیاتر فلتەر بەکاردەهێنن، ئەمەش دەتوانێت زیاتر ئەو باوەڕە نەرێنیە بەهێز بکات کە دەڵێن باش دەرناکەون. ئەم هەست و ئاکارە زوو دەست پێدەکات. توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن پرۆژەی بەرزەخۆیی داو ئەنجامدراوە، دەریخستوە کە لە سەدا ٨٠ی کچان تا تەمەنی ١٣ ساڵی فلتەرێکیان دابەزاندووە یان ئەپێکیان بۆ گۆڕینی شێوەی خۆیان لە وێنەدا بەکارهێناوە.
ئەنجامی توێژینەوەی زانستی لەسەر فلتەری جوانکاری
لە تاقیکردنەوەیەکدا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پشکنین بۆ پێوەندی نێوان گۆڕینی سێڵفی و ناڕەزایەتی جەستە بکرێت، توێژەران داوایان لە ١٣٠ ژن کردووە (بە تێکڕای تەمەنی ٢٠ ساڵ) کە سەیری وێنەی ئینستاگرامی ژنانی لاواز یان ژنانی قەبارە مامناوەند بکەن وەک ڕێگەیەک بۆ هاوردەکردنی ناڕەزایەتی جەستە لە گروپی یەکەمدا. دواتر لە بەشداربووان داوا کرا کە بە ئایپاد سێڵفی بگرن و دە خولەکیش مۆڵەتیان پێدرا کە سێڵفیەکە دەستکاری بکەن. ئەوان پرسیارنامەیان لەسەر باری دەروونی و ناڕەزایەتی جەستە و ناڕەزایەتی ڕووخسار لە یەکەم جادار ، دوای بینینی وێنەکان و دوای دەستکاریکردنی سێڵفیەکەیان پڕکردەوە.
بینینی وێنەی لاواز، هەڵوێستی نەرێنی و ناڕەزایەتی جەستە/ ڕووخساری زۆر کرد. گرتن و دەستکاریکردنی سێڵفی، باری دەروونی نەرێنی و ناڕەزایەتی دەموچاوی لە هەردوو گروپەکەدا زۆرکرد. جگە لەوەش، ئەو کاتەی کە بۆ دەستکاریکردنی سێڵفی بەسەریان دەبرد، پێشبینی ئەوەی دەکرد کە ناڕەزایەتیان لە دمووچاویان هەیە.
بەم شێوەیە، دەردەکەوێت کە وەبەرهێنان بۆ دەستکاریکردنی خود ـ پێشکەش کردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا زۆرجار بۆ ژنانی گەنج کارێکی زیانبەخشە. وە تا مرۆڤ زیاتر بیکات، زیاتر زیانی پێ دەگات.
دەرئەنجامی دەروونی بەکارهێنانی فلتەری جوانکاری
ژنانی گەنج نەک هەر ڕوخساری خۆیان بە وێنەی بێ نوقسانی کەسایەتی ناودار و هاوتەمەن بەراورد دەکەن ، بەڵکو لەسەر بنەمای سێڵفی فلتەرکراوی خۆیان حوکم لەسەر خۆیان دەدەن. ئەم بەردەوام بەراوردکردنە دەتوانێت سەرچاوەی ناڕەحەتییەکی گەورە بێت و دەتوانێت وێنەی ئەرێنی لە جەستە و بەرزەخۆیی مرۆڤ لە ناو ببات.
بەراوردکاری کۆمەڵایەتی و فلتەری جوانکاری لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی بەکارهێنەر بۆ پێوەری ناڕاستەقینەی جوانکاری هەوڵ بدات. لە ئەنجامدا، لەوانەیە گەنجان هەست بە پچڕانی پێوەندی نێوان ڕوخساری خۆیان و ئەو وێنیە دەستکاریکراوەیان بکەن کە لەگەڵ جیهاندا هاوبەشی دەکەن. ئەمە جۆرێکی دیاریکراوی… کە تەنانەت ڕەنگە ببێتە هۆی نەخۆشی مەترسیداری دەروونی وەک تێکچوونێک کە تێدا کەسەکە وادەزانێت جوان نیە.
ڕێگای دروستکردنی خووی تەندروست بۆ بەکارهێنانی فلتەر
بەڵام بەکارهێنانی فلتەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕەنگە هەمیشە خراپ نەبێت. لە جیهانێکدا کە بەردەوام بە ڕوخسارمان حوکم دەدرێین (و حوکم لەسەر کەسانی تر دەدەین)، فلتەرنەکردنی وێنەکان دەتوانێت ئاستەنگی بهێنێت. کەواتە ئایا ڕێگە هەیە بۆ دروستکردنی خووی تەندروست بۆ فلتەرکردن و پۆستکردن و سکڕۆڵکردن؟
سەرەتا، دەبێت ئاگاداربی لەوەی کە چۆن فلتەر و ئاکاری بەراوردکاری کۆمەڵایەتیت کاریگەرییان لەسەر وێنەی جەستە، هەست و ئاسایشی ڕۆژانەت هەیە . پاشان، پێشنیاری تر تاقی بکەرەوە بۆ بەڕێوەبردنی شێوەی بەکارهێنانی فلتەر کە ڕەنگە بۆ پاراستنی بەرزەخۆیی و قبووڵکردنی سۆزدارانەی ڕوخسارت یارمەتیت بدات.
1. بە ئاگادارییەوە سێڵفی بەکاربهێنە
بزانە چەندە کات بەسەر دەبەیت بۆ فلتەرکردن و پۆستکردن و ئەو کارە چ هەستێکت پێدەدات. لە کاتی دەستکاریکردن و دوای پڕۆسەی دەستکاریکردن و پۆستکردن، باری دەروونی خۆت لێکدەوە.
کاتێک سێڵفیەکەت بڵاو دەکەیتەوە، گرنگی بەوە بدە کە ئایا بەدوای کاردانەوەدا دەگەڕێیت و سێڵفیەکەت بەراورد بکەیت بە کەسانی تر. ئایا پۆستکردن و بەراوردکردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی،ئەحواڵت باشتر دەکات یان خراپتر؟ لەوانەیە وەڵامەکان یارمەتیت بدەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بە ئاگادارییەوە ڕەفتار بکەیت بە شێوەیەک کە بەرزەخۆیی و وێنەی ئەرێنی جەستەت بپارێزرێت یان تەنانەت باشتری بکرێت.
2. ئەو نامەیە کە بۆ خۆتی دەنێری لەبەرچاو بگرە
لەبەرچاو بگرە کە هەر جارێک سێڵفییەک فلتەر دەکەیت، له ئاستێک لە ئاگاداریدا بە خۆت دەڵێیت کە تۆ باش دەرناکەویت. لەوانەیە پرسیارلە خۆت بکەیت ئەگەر ئەو وێنەی پێشکەشی دەکەیت خودی ڕاستەقینەت نەبێت چەندە لە لایک و کۆمێنتەکان ڕازی دەبیت. ئەگەر وێنەی ئۆنلاینمان لە ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئێمە زۆر جیاواز بێت ، دەتوانین بۆ دیتنی ڕاستەوخۆی کەسەکان هەستیار بین. بۆیە، بەکارهێنانی فلتەری جوانکاری ڕەنگە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی زۆر بکات و ببێتە هۆی دابڕانی کۆمەڵایەتی.
3.چالاکی کۆمەڵایەتی جێگر ڕەچاوبکە.
ئەگەر کاتێکی کەمتر بۆ دەستکاریکردن و پۆستکردن بەسەر بەریت ، لە ڕووی تیۆریەوە بۆ چالاکی دەرەوە کاتێکی زیاترت دەبێت ، کارلێکی ڕووبەڕوو یان شتێکی داهێنەرانەت دەبێت. بیر لەوە بکەرەوە کە ئایا فلتەرکردن و پۆستکردن بووەتە ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون لە کێشە یان چاوەڕوانی ژیانی ڕاستەقینە یان نا.
بەڕێوەبردنی وێنەی ئۆنلاین دەتوانێت هەستێکی ساختەی ئاسایش و کۆنترۆڵکردنت پێبدات کە ئێمە لە پێوەندی ڕووبەڕوودا نیمانە. بەڵام ئەم پێوەندییە لە کاتی ڕاستەقینەدا لە مێشکدا دەمێنێتەوە و یەکێک لە بەهادارترین ئەزموونی ژیانە لە ڕووی سۆزدارییەوە. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە هاوڕێیەتی ڕاستەقینە، زۆر زیاتر لە پێوەندی ئۆنلاین بەختەوەری و ئاسایش زۆر دەکات.
4. خودی ڕاستەقینەت قبوڵ بکە
لەبیرت بێت ئەوەی ئێمە وەک کەموکوڕی دەیبینین، بەشێکە لەوەی کە وامان لێدەکات لای کەسانی کە سەرنجڕاکێش و ڕاستگۆ بین و لێمان تێبگەن. دەتوانیت بە قبوڵکردن و پێزانین لە خۆت لەبەر هەموو تایبەتمەندیەکانت، ڕاهێنان بکەی بۆ ئەوەی سۆز بۆ خۆت دەربڕی. هەوڵبدە مێدیتەیشنی ئاوێنەیی بۆ سازکردنی پێوەندییەکی هەستیارانە تاقی بکەیتەوە کە تێیدا پشتیوانی هەبێت. بە سەیرکردنی وێنە بێ فلتەرەکەت بۆ ماوەی ١٠ خولەک لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ خۆتدا بە هەر شێوەیەک کە هەیت ڕادێی و بە ڕێگەدان بە بینینی خودی ڕاستەقینەت ئاسوودەتر دەبیت.
سەرچاوە: تارا وێڵ ٢٠٢٣ لە گۆڤارەوە Psychology Today





