1. پێناسەی متمانە بەخۆبوون:
متمانە بەخۆبوون بریتییە لە باوەڕ و متمانەی تاک حوکم و تواناکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ژیان و گەیشتن بە ئامانجەکانی. ئەو چەمکە دوو پێکهاتەی سەرەکی هەیە:
أ) خۆکارامەیی(خودکار آمدی): باوەڕ بە خۆ بوون بە توانای خود بۆ ئەنجامدانی ئەرکە تایبەت و گەیشتن بە ئامانجەکان. ئەو پێکهاتەیە زیاتر لەسەر بنەمای ئەزموونەکانی ڕابردوو و شارەزایی لە کارامەییەکان دامەزراوە.
ب) خۆڕێزی(عزت نفس-بەرزەخۆیی): هەستی گشتی تاک بە بەهای خۆی، بەبێ گوێدانە دەستکەوتە دەرەکییەکان. ئەو پێکهاتەیە پەیوەندی بە “خۆ خۆشەویستی” و خۆقبوڵکردنەوە هەیە.
متمانە بەخۆبوونی تەندروست تێکەڵەیەکی هاوسەنگی ئەو دوو پێکهاتەیە. کەسێک کە متمانەی بەخۆی هەبێت نە خۆی بە کامڵ دەزانێت و نە لە بەرامبەر کەموکوڕیەکاندا بێدەسەڵاتە.
2. متمانە بە خۆبوونی تەندروست لە بەرامبەر متمانەی بەخۆی ساختە
متمانە بەخۆبوونی تەندروست:
·ڕیشەی لە خۆئاگایی ڕاستیبینانەدا هەیە
· لەگەڵ قبوڵکردنی خاڵە لاوازەکان و هەوڵدان بۆ باشترکردنیان
· خۆڕاگری و ئارامی:بە شکست هێنان واز ناهێنێ و خۆی نادۆڕێنێ
· پێویستی بە ڕەزامەندی دەرەکی بەردەوام نییە
· خۆبەزلزانین و ڕێز لە بەرامبەریان دەگرن
متمانە بەخۆبوونی ساختە (نمایشکردن بە متمانە بەخۆبوون):
· زۆرجار وەڵامێکی بەرگرییە بۆ هەستی قووڵی نائەمنی
· خۆبەزلزانن و شانازی بە سووکایەتی و شۆخی کردن بە کەسانی دیکەوە دەکەن
· بە خێرایی لە بەرامبەر ڕەخنە یان شکستدا دەڕووخێن
· زۆر گیرۆدەی پەسەندکردن و ستایشی دەرەکیین
· خۆئاگایی و نەرمی و خۆڕاگریان نییە
3. ڕیشەی دروستبوونی متمانە بەخۆبوون: لە منداڵییەوە تا گەورەساری
متمانە بەخۆبوون لە ساڵانی یەکەمی ژیان دەست بە دروستبوون دەکات:
أ) منداڵی (0-12 ساڵ):
· شێوازی کیرۆدەیی پارێزراو لەگەڵ چاودێرانی سەرەتایی
· وەرگرتنی خۆشەویستی بێ مەرج (“من تۆم خۆشدەوێت بەو جۆرەی کە تۆ هەیی”)
· دەرفەتی تاقیکردنەوە و هەڵەکردن لە ژینگەیەکی سەلامەتدا
· هاندان بە سەربەخۆیی و بڕیاردانی گونجاو بە تەمەنی منداڵ
· دەڕبڕینی ڕا و بیر و بۆچونی ڕاستی و بنیاتنەر
ب) تەمەنی هەرزەکاری (١٣-١٩ ساڵ):
· قبوڵکردن لەلایەن گروپی هاوساڵانەون
· دۆزینەوەی ناسنامە و بەهاکانی کەسی
· سەرکەوتن لەو بوارانەی بۆ تاک گرینگە (ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی، وەرزشی و هتد)
· پشتیوانی خێزان لە پاراستنی سنوورە تەندروستەکان
ج) تەمەنی گەورەیی:
· دەستکەوتی کەسی و پیشەیی
· کوالیتی پەیوەندییە نزیکەکان
· لێهاتوویی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان
· هاوسەنگی نێوان ژیانی کەسی و پیشەیی · هەستکردن بە مانا و ئامانج لە ژیاندا
4. نیشانەکانی متمانە بەخۆبوونی تەندروست
1. دەربڕینی ڕوونی پێویستی و خواستەکان بەبێ شەڕانگێزی و لاوازی
2- توانای کوتنی “نا” لەکاتی پێویستدا
3. قبوڵکردنی ڕەخنەی بنیاتنەر بەبێ ئەوەی هەست بە لاوازی و شەرم بکەیی
4. ئاهەنگ گێڕان بۆ سەرکەوتنی خەڵک بەبێ ئەوەی هەست بە هەڕەشە بکەیی
5. وەرگرتنی بەرپرسیارێتی هەڵەکان
6. وەرگرتنی مەترسییە کۆنترۆڵکراوەکان لە دەرەوەی ناوچەی ئاسوودەیی خۆت
7- گرینگیدان بەخۆت و ڕێزگرتن لە پێداویستییە جەستەیی و دەرونییەکانت
8. بەرکەوتنی چاوی(eye contact) گونجاو و زمانی کراوەی جەستە
9. دوورکەوتنەوە لە بەراوردکردنی تێکدەرانە لەگەڵ کەسانی دیکە
10- توانای دەربڕینی لاوازی لە بارودۆخی گونجاودا
5. ئاستەنگ و هۆکاری لەناو بردنی متمانە بەخۆبوون
أ) هۆکارە ناوخۆییەکان:
· قسەکردنی نەرێنی و ڕەخنەگری توندی دەرونی سەبارەت بە خۆت
· کامڵخوازی ناعەقڵانی
· ترس لە شکست و ڕەتکردنەوە
· گرنگیدانی زۆر بە خاڵە لاوازەکان
· پێوەرە ناڕاستیەکان بۆ خۆت
ب) هۆکارە دەرەکییەکان:
· ئەزموونی منداڵی لە شەرمەزار کردن ، گاڵتەکردن یان ئازاردان
· ڕەخنەی زۆر و تێکدەر لەلایەن کەسانی گرینگەوە
· بەراوردی کۆمەڵایەتی (بەتایبەت لە سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان)
· جیاکاری پێکهاتەیی (ڕەگەز، نەتەوەیی، ئابووری و هتد)
· شکستی بەردەوام بەبێ پشتگیریی پێویست
· پەیوەندییە زەبربەخشەکان (سۆزداری، خێزانیی، پیشەیی)
6. متمانە بەخۆبوون لە پەیوەندی نێوان تاکەکاندا
متمانە بەخۆبوونی تەندروست بەردی بناغەی پەیوەندیە پڕ لە ڕەزامەندیەکانە :
لە پەیوەندییە سۆزداریەکاندا:
· هەڵبژاردنی هاوبەش لەسەر بنەمای بەها هاوبەشەکان نەک پێویستی ڕەزامەندی
· پاراستنی ناسنامەی کەسی شانبەشانی ناسنامەی پەیوەندیدار
· توانای بەڕێوەبردنی ململانێکان بەبێ ترس لە وازهێنان
· دانان و ڕێزگرتن لە سنوورە تەندروستەکان
لە پەیوەندی خێزانیدا:
· توانای دەربڕینی خۆی لە خێزاندا بەبێ ترس لە جیابوونەوە
· ئازادی لە ڕۆڵی خێزانی سەپێنراو
· جیاکردنەوەی بەهاکانی تاک لە چاوەڕوانییەکانی خێزان
لە پەیوەندی هاوڕێیەتیدا:
· ڕاکێشانی هاوڕێیان لەسەر بنەمای هاوبەشییە ڕاستیەکان
· گیرۆدە نەبوون بەکۆمەڵی هاوڕێیان بۆ پێناسەکردنی ناسنامە
· توانای کۆتایی هێنان بە پەیوەندییە ژەهراویەکان
7. شێوازی کردەیی بۆ بەرزکردنەوەی متمانە بەخۆبوون (تەکنیکەکان لەسەر بنەمای بەڵگەی زانستی)
أ) دەستێوەردانەکانی ناسینیcbt:
· دەستنیشانکردنی بیرکردنەوە تێکدەرەکان : “هەرگیز ناتوانم ئەوە بکەم” → “ئەو کارە ئاساەنگە، بەڵام دەتوانم هەنگاو بە هەنگاو فێری بم”
· وەستاندنی بەراوردکارییە کۆمەڵایەتییەکان: تەرکیزکردن لەسەر ڕێبازی تاکەکەسی لەبری ئەوەی خۆی بە کەسانی دیکە بەراورد بکات
· پەرەپێدانی قسەی دڵسۆزانە سەبارەت خۆت: قسەکردن لەگەڵ خۆت وەک هاوڕێیەکی میهرەبان
ب) دەستێوەردانەکانی بواری ئاکار:
· دانانی ئامانجی بچووک : ئەزموونکردنی سەرکەوتنی بەردەوام
· دەرچوون وردە وردە لە ناوچەی ئاسوودە: بەرکەوتنی کۆنترۆڵکراو بە دۆخە ترسناکەکان
· گۆڕینی زمانی جەستە: ڕاوەستانی ڕاست، بەرکەوتنی چاو، کەمکردنەوەی جوڵەی بەرگری
· پەرەپێدانی توانا کۆمەڵایەتییەکان: ڕاهێنانی گفتوگۆ، دەربڕینی بۆچوون، ڕەتکردنەوەی داواکاری
ج) دەستێوەردانەکانی سۆزداری:
· قبوڵکردنی هەست و سۆزە قورسەکان: دڵەڕاوکێ، شەرم، ترس – بەبێ ئەوەی حوکمیان لەسەر بدرێت
· ڕاهێنانی زەینئاگایی: ئامادەبوون لە لە چرکەی ئێستادا بەبێ ئەوەی بیرت بڵاو بێ و قکرت بڕوا
· پەرەپێدانی خۆڕاگری: فێربوونی گەڕانەوە لە پاشەکشەکان
د) دەستێوەردانی وجودی:
· دۆزینەوە و بەدواداچوون بۆ بەها کەسییەکان: ژیان بە پێوەرەکانی خۆت نەک خەڵکی دیکە
· دۆزینەوەی خاڵە بەهێزە ناوازەکان: گرینگیدان بە بەهرە ناوازەکانی خۆت
· خزمەتکردنی کەسانی دیکە: هەستکردن بە بەها لە ڕێگەی کاریگەری ئەرێنیەوە
8. ڕۆڵی دەروونناس لە پرۆسەی دروستکردنی متمانە بەخۆبوون
وەک دەروونناسەکان ڕۆڵی ئێمە لەو پرۆسەیەدا فرەلایەنە:
· دروستکردنی ژینگەیی سەلامەت و بەدوور حوکمدان: بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەگەکانی کەمی متمانە بەخۆبوون
· بنیاتنانەوەی گێڕانەوەی کەسی: یارمەتیدانی چارەخواز بۆ دووبارە چیرۆککردنەوەی ژیانیان بە گرینگیدان بە خاڵی بەهێز و سەرکەوتنەکان
· پێشکەشکردنی ئەزموونی چاکسازی: لە پەیوەندی چارەسەرییدا وەک شێوازێکی پەیوەندیکردنی ڕێزدار
· فێرکاری کارامەیی تایبەت: جەختکردنەوە، بەڕێوەبردنی هەست، چارەسەرکردنی کێشە
· کارکردن لەسەر برینەکانی ڕابردوو: چاککردنەوەی زەبر و زەنگی منداڵی و پەیوەندییە زەبربەخشەکان
· هاوڕێیی لە تاقیکردنەوەی ئاکارە نوێیەکان: لە ژینگەی جیهانی ڕاستیدا لە دەرەوەی دانیشتنی چارەسەرکردن
9. قسەی کۆتایی: گەشتێک کە شایەنی دەستپێکردنە
متمانە بەخۆبوون شوێنێک نییە کە بە یەکجار پێی بگەیی، بەڵکو گەشتێکی بەردەوامە کە لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا بەهێزتر دەبێت. ئەو گەشتە هەندێک جار پێشکەوتنی بەرچاو و هەندێکجاریش پاشەکشەی کاتی لەگەڵدایە. گرینگ ئەوەیە بزانین متمانە بەخۆبوون زگماکی و جێگیر نییە، بەڵکو کارامەیییەکە دەتوانی بەدەستی بێنی.
لە هەر شوێنێک بی، بە هەر ئاستێکی متمانە بەخۆبوونەوە ، ئەوتوانایەت هەیە بۆ دەستپێکردنی گۆڕانکاری. هەندێک جار ئەو گۆڕانکارییە لە بچووکترین کردارەوە دەست پێدەکات: دەربڕینی بۆچوونێک لەبەردەم خەڵکدا، تاقیکردنەوەی چالاکیەکی نوێ، یان تەنانەت قسەکردن بە ڕێزەوە سەبارەت بە پێداویستییەکانتان.
من وەک دەروونناسێک پێموایە هەموو مرۆڤێک توانایەکی ناوازەی هەیە بۆ گەشەکردن و گۆڕانکاری. بەهێزکردنی متمانە بەخۆبوون کلیلی ئازادکردنی ئەو توانایەیە.





