پێشەکی
ئایا خێزانی ئەمڕۆ، هەمان کارکردی دوێنێی هەیە؟ لە جیهانێکدا کە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر خەریکی گۆڕانە، دامەزراوەی خێزانیش گۆڕانکاری قووڵی بەسەردا هاتووە. هەرچەندە فشاری ئابووری، زۆربوونی تاکگەرایی و ئامرازی نوێی پێوەندی لایەنی ئەرێنیان هێناوەتە ئاراوە، بەڵام هەندێکجار دژایەتی ئاشکرای لێکەوتووەتەوە: سەرەڕای “پێوەندی” زۆرتر، هەستکردن بە “تەنیایی” و مەودای سۆزداری لە پێوەندی خێزانیدا قووڵتر بووەتەوە. لێرەدایە کە ڕۆڵی خێزان وەک یەکەم و گرنگترین پلاتفۆرم بۆ داڕشتنی تەندروستی دەروونی زیاتر لە جاران بەرچاو دەکەوێت. خێزان چیتر تەنیا شوێنی نیشتەجێبوونی هاوبەش نییە؛ دەتوانێت و دەبێ ببێتە پەناگەیەکی سۆزداری و وۆرک شۆپێک بۆ خۆڕاگری ئەندامەکانی.
ئامانجی ئەم نووسینە نیشاندانی ئەوەیە کە بە دیدگایەک لەسەر بنەمای دەروونناسی سیستەمی خێزان و بەڵگەی زانستی نوێ، چۆن مرۆڤ دەتوانێت بەرامبەر ئەم ئاستەنگیەی سەرهەڵدەدات بوەستێتەوە و خێزانێک بنیات بنێت کە نەک هەر قەیرانەکان تێپەڕێنێت، بەڵکو بەهێزتر لەوان سەرهەڵبدات.
بەشی یەکەم: خێزان وەک سیستەمێکی زیندوو
خێزان: سیستەمێکی سەرتر لە کۆبوونەوەی تاک
لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە، خێزان سیستەمێکی چالاک و زیندووە. ئەندامی خێزان وەک ئەندامانی جەستەیەک بەیەکەوە گرێدراون و کاریگەریان بەسەر یەکتردا هەیە. بەپێی تیۆری سیستەم، هەر گۆڕانکارییەک لە حاڵەت یان هەڵسوکەوتی ئەندامێکدا، کاریگەری لەسەر هاوسەنگی تەواوی سیستەمەکە دەبێت و ئەندامانی دیکەش ناخودئاگا کاردانەوەیان دەبێت بۆ ئەوەی ئەو هاوسەنگیەی لە دەستچووە، دووبارە بیگەڕێننەوە.
نموونەی کرداری: کاتێک یەکێک لە دایک و باوک تووشی سترێسی توند دەبێت لە پیشەکەیدا، ئەم سترێسە بۆ هەموو سیستەمەکە بڵاودەبێتەوە. لەوانەیە بە شێوەی دەمەقاڵەی زۆر لەگەڵ هاوسەر، بێزاربوون لەگەڵ منداڵەکان یان تەنانەت سەرئێشەی درێژخایەن لە خودی کەسەکەدا خۆی دەربخات. کێشەی کەسێک بە خێرایی دەبێتە کێشە بۆ هەمووان.
خێزانی تەندروست بەرامبەر بە خێزانی ناکارامە:
تەندروستی خێزان بە پێکهاتەی ناوەوە و چۆنیەتی پێوەندییەکانی پەیوەستە. تێگەیشتن لە جیاوازی نێوان ئەم دوو شێوازە، هەنگاوی یەکەم بۆ خۆهەڵسەنگاندن و چاکسازییە.
خێزانێکی تەندروست (کارامە) بەم تایبەتمەندیانە دەناسرێتەوە: ێیوەندی کراوە و ڕێزدار، گوێگرتنی چالاک و دەربڕینی هەست بە شێوازێکی تەندروست. سنووری نێوان ئەندام ڕوونە بەڵام ئەگەری گۆڕینی هەیە، بەشێوازێک هاوپەیمانییەکی بەهێز لە نێوان دایک و باوکدا هەبێت بەڵام منداڵیش سەربەخۆیی گونجاوی خۆی هەیە. لە بەڕێوەبردنی ململانێدا، سەرنجیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ داهاتووە، بەبێ ئەوەی کەسایەتی یەکتر لەناوببەن. لە وەها خێزانێکدا، ناسنامەی تاکەکەسی هەر ئەندامێک شانبەشانی شوناسی دەستەجەمعی، هاندەدرێت و بەهێز دەکرێت.
لە بەرامبەردا، خێزانی ناکارامە (لاواز) زۆرجارلەگەڵ ئەم نیشانانە ڕووبەڕووە: پێوەندی ناڕوون، تاوانبارکەرانە و بەرگریکارانە یان بێدەنگی درێژخایەن و گرژ. سنوورەکان یان زۆر وشکن و بۆ ئەوە نابن لێیان بچیتە ژوورەوە یان بە تەواوی کاڵ دەبنەوە، تا ئەو ڕادەی ڕەنگە دایک یان باوک لەگەڵ منداڵەکەدا بۆ دژایەتی لەگەڵ هاوسەرەکەی هاوپەیمان بێت. ململانێکان بۆشەڕی دەسەڵات و ڕق هەڵگرتن دەگۆڕدرێت و شوناسی تاکەکەسی ئەندامی بنەماڵە یان پشتگوێ دەخرێت یان وەک هەڕەشەیەک بۆ یەکگرتوویی خێزان سەیر دەکرێت.
ڕۆڵ و وردە سیستەم
سیستەمی گشتی خێزان لە وردە سیستەمی گرنگ پێکهاتووە، کە تەندروستی هەریەکەیان بەردی بناغەی تەندروستی کۆیە:
1وردە سیستەمی هاوسەرگیری: دڵی خێزان. چۆنیەتی پێوەندی و ئاستی گەرم و گوڕی نێوان ژن و مێرد، جەوی سۆزداری زاڵ لەسەر هەمووی بنەماڵە دروست دەکات و دەبێتە نەخشی پێوەندی بۆ منداڵان.
2.وردە سیستەمی دایک و باوک ـ منداڵ: ژینگەی دروستبوونی سۆزداری و بەرزەخۆیی و لێهاتوویی کۆمەڵایەتی منداڵ. شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ لەم وردە سیستەمەدا دیاری دەکرێت.
.3ژێر سیستەمی خوشک ـ برایەتی: یەکەم تاقیگەی سروشتی منداڵە بۆ فێربوونی کارامەیی وەک دانوستاندن، هاوکاری، کێبڕکێ و چارەسەری ناکۆکی.
بەشی دووەم: سێ کۆڵەکەی سەرەکی تەندروستی خێزان
کۆڵەکەی یەکەم: پێوەندی کاریگەر –هونەری گفتوگۆ و بەڕێوەبردنی ململانێ
پێوەندی تەندروست، تەنها ئاڵوگۆڕی وشە نییە، بەڵکو ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینەی مانا و هەستە.
گوێگرتنی چالاک: ئەمەش واتە تەواوی سەرنجی خۆت بدەیت بە ئەو کەسەی قسەدەکات، بەبێ ئەوەی بیر لە وەڵامی خۆت بکەیتەوە. ئەمەش هاوڕایە لەگەڵ فیدباکی وەک،« مەبەستت ئەوەیە کە…» یان «دەبینم تۆ لەم بابەتە دڵتەنگیت».
ڕستەی هاوڕا لەگەڵ “من”: بەردی بناغەی پێوەندیێک کە تاوانبارکردنی تێدا نیە. لەبری ئەوەی بە “تۆ” هێرش بکەیت (بۆ نموونە« تۆ هەمیشە دوادەکەویت!»)، هەست و پێداویستییەکانت دەرببڕە (بۆ نموونە «کاتێک لە چاوپێکەوتندا دوادەکەویت، نیگەران دەبم و هەست دەکەم بۆ تۆ گرنگ نیم»).
بەڕێوەبردنی ناکۆکی: لە خێزانی تەندروستدا، ناکۆکی وەک دەرفەتێک بۆناسینی زیاتر و گەشەکردنی زیاتر سەیر دەکرێت. کلیلی سەرکەوتن، ئەوەیە کە گفتوگۆکە بە نەرمی دەستپێبکەیت و سەرنجت لەسەر بابەتێکی دیاریکراو (نەک ناڕەزایەتی گشتی) و گەڕان بەدوای چارەسەری هاوبەشدا بێت.
کۆڵەکەی دووەم: دۆستایەتی و خۆشەویستی پارێزراو – پێوەندی نادیار
بەپێی تیۆری خۆشەویستی، کوالیتی پێوەندی سۆزداری ئێمە لەگەڵ چاودێرانی سەرەکی لە منداڵیدا، نەخشەڕێگا بۆ پێوەندی دۆستایەتی لە تەمەنی گەورەساڵیدا دەکێشێتەوە.
خۆشەویستی پارێزراو: کاتێک پێداویستی منداڵ بە شێوەیەکی هەستیار و وەڵامدەرەوە دابین دەکرێت، لە گەورەساڵیدا هەم دەتوانێت پشت بە کەسانی دیکە ببەستێت و هەم سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت. هەروەها ئەم کەسانە لە پێوەندی هاوسەرگیریشدا هەست بە ئاسایشی زیاتر دەکەن.
خۆشەویستی نەپارێزراو: ئەگەر وەڵامی چاودێر پێشبینی نەکراو، ڕەتکەرەوە، یان بێباکانە بێت، کەسەکە لەوانەیە لە تەمەنی گەورەساڵیدا نەخشی دڵەڕاوکێ (زۆر چەسپان بە خەڵکەوە، ترس لە وازهێنان) یان دوورکەوتنەوە (کشانەوە لە گەرم و گوڕی، سەربەخۆیی درۆ) نیشان بدات.
گەرم و گوڕی لە پێوەندی هاوسەرگیریدا: گەرم و گوڕی تەندروست دوو ڕەهەندی هەیە: سۆزداری (هاوبەشکردنی هەستی لاواز، ڕاگرتنی نهێنی) و سێکسی. بەهێزکردنی هەردوو ڕەهەندەکە بۆ سەقامگیری ئەم پێوەندییە زۆر گرنگە.
کۆڵەکەی سێیەم: خۆڕاگری خێزانی – هونەری تێپەڕان لە گەردەلوول
خۆڕاگری بە مانای نەبوونی کێشە نییە، بەڵکو توانای تێپەڕین لە قەیرانە و تەنانەت بەهێزتر بوون لەو. خێزانی خۆڕاگر ئەم تایبەتمەندییانەیان هەیە:
.1بیروباوەڕی بە کۆمەڵی ئەرێنی: ئەوان بڕوایان بە دەستەواژەی وەک «ئێمە دەتوانین هەموو کێشەیەک بەیەکەوە چارەسەر بکەین» یان «ئەمەش تێدەپەڕێت»هەیە.
.2ئەگەری گۆڕین لە ڕۆڵەکاندا: لە کاتی قەیراندا (وەک نەخۆشی ئەندامێکی خێزان)، دەتوانن بە شێوەیەکی کاتی بەرپرسیارێتییەکان دابەش بکەنەوە بەبێ ئەوەی سیستەمەکە تێکبشکێت.
.3پێوەندی کراوە سەبارەت بە هەستەکان: ڕێگە دەدەن ترس، خەم و نیگەرانی بە شێوەیەکی تەندروست دەرببڕدرێت، نەک نکۆڵی لێبکرێت یان سەرکوت بکرێت.
.4جەخت لەسەر خاڵی بەهێز و گاڵتەجاڕی: تەنانەت لە تاریکترین کاتیشدا، دەتوانن ساتی بچووکی خۆشی و پێکەنین بدۆزنەوە
کۆڵەکەی چوارم: ئاستەنگی جیهانی مۆدێرن و چارەسەری تایبەت
ئەو ئاستەنگیانەی ڕووبەڕووی خێزانی ئەمڕۆ دەبنەوە
جیابوونەوەی سۆزداری: ژیانێکی هاوبەش کە هاوسەرەکان تەنها هاوژوورن بەبێ ئەوەی گفتوگۆی ماناداریان هەبێت.
فشاری ئابووری: سترێسی دارایی درێژخایەن، یەکێک لە سەرچاوەی سەرەکی گرژی و ناڕەزایەتی خێزانی.
دنیای سۆشیاڵ میدیا و کەمکردنەوەی کاتی کوالێتی: ئاماده بوونی جەستەیی بەبێ ئامادەبوونی دەروونی. ونبوون لە شاشەدا بە نرخی پێوەندی چاو و گفتوگۆی ڕووبەڕوو. لە دەست دانیجیاوازی نێوان نەوە: کەلێنی خێرای بەهاکان و چاوەڕوانی نێوان دایک و باوک و منداڵان لە دنیای دیجیتاڵدا.
شێوازی دەستێوەردان: ڕۆڵی دەروونناسی
کاتێک نەخشی لەکارکەوتوو ئەوەندە بەهێز دەبێت کە خێزان ناتوانێت بە تەنیا بیانشکێنێت، یارمەتی پسپۆڕانەی دەروونناس دەتوانێت پرۆسەکە ئاسانتر بکات. چەندین ڕێبازلەسەر بنەمای بەڵگە هەن کە کاریگەرییەکی زۆریان لە بەهێزکردنی خێزاندا نیشان داوە:
.1چارەسەری خێزانی پێکهاتەیی: ئەم دەستێوەردانە جەخت لە سەر گۆڕینی پێکهاتەی ناکارامەی خێزان دەکات. دەروونناس یارمەتی ئەندامەکان دەدات سنووری تەندروست (بۆ نمونە، جیاکردنەوەی گونجاوی ناوچەی دایک و باوک و منداڵ) دابمەزرێنن ،بازنەی پلەی دەسەڵات ڕێک بخەن (وەک بەهێزکردنی هاوپەیمانی دایک و باوک) و یاسای پێوەندی ڕوونتر دابنێن. ئەم کارە زۆرجار لە ڕێگەی ڕۆڵ دروست کردن و ڕاهێنانی کرداری لە کاتی دانیشتندا ئەنجام دەدرێت.
.2دەرمان لەسەر بنەمای چارەسەری کێشە: ئەم ڕێبازە کردارییە کە جەختی لەسەر ئێرە و ئێستایە، لەجیاتی هەڵکۆڵینی قووڵ لە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی کێشە، جەخت دەکاتە سەر بەوردی دیاریکردنی ئاستەنگی لە ئێستادا و دۆزینەوەی چارەسەری ئامانجی هەنگاو بە هەنگاو. ئەم شێوازە بۆ ئەو خێزانەی کە بە قەیرانێک یان ململانێیەکی دیاریکراودا تێدەپەڕێت و بەدوای گۆڕانکاری خێرا و کرداریدا دەگەڕێت زۆر بەسوودە.
.3ڕاهێنانی لێهاتوویی پێوەندی و سۆزداری: زۆربەی دەستێوەردانەکان، تەنیا جەخت لەسەر فێرکردنی راستەوخۆی کارامەیی دەکەن کە کۆڵەکەی خێزانێکی تەندروست پێکدەهێنن. ئەم کارامەییانە بریتین لە گوێگرتنی چالاک، بەکارهێنانی دەستەواژەی هاوڕا لەگەڵ ” من”، ناسینەوەو ڕێکخستنی هەست، و بەڕێوەبردنی توڕەیی و ناکۆکی بە شێوەیەکی بنیاتنەر. خێزانەکان ئەم لێهاتووییانە لە ژینگەیەکی پارێزراودا فێر دەبن و ڕاهێنانی بۆ دەکەن.
جەختی سەرەکی لەسەر پێشگرتن: بنیاتنانی بناغەی بەهێز لە سەرەتاوە
پێشگرتن هەمیشە کاریگەرترە و تێچووی کەمترە لە چارەسەر. وەبەرهێنان لە خولی ڕاهێنانی پێش هاوسەرگیری کە نەک تەنها لەسەر ڕێوڕەسم بەڵکو لەسەر گونجانی کەسایەتی، بەڕێوەبردنی چاوەڕوانی، چارەسەرکردنی ناکۆکی و پلاندانانی دارایی هاوبەش جەخت دەکاتەوە، دەتوانێت لە زۆر کێشەی داهاتوو ڕێگری بکا.
بەهەمان شێوە، بەشداریکردن لە وۆرکشۆپی کارامەیی پەروەردەی ئاگادارانەی منداڵ، یارمەتی دایک و باوک دەدات لەجیاتی کاردانەوەی غەریزی یان دووبارەکردنەوەی شێوازی نەوەی ڕابردوو، بە بەکارهێنانی ئاگایی و ئامرازی کاریگەر ، پێوەندییەک لەسەر بنەمای ڕێزو دۆستایەتی لەگەڵ منداڵەکەیان بنیات بنێن. ئەم ڕێوشوێنە پێشگیرانەیە، لە ڕاستیدا وەبەرهێنانێکی ژیرانە بۆ پاراستنی خێزان لە دژی ئاستەنگی حەتمی ژیانە.
دەرئەنجام
خێزان لە سەدەی بیست و یەکدا، دامەزراوەیەکی چالاکە و خەریکی پەرەسەندنە کە ئەرکەکەی لە مانەوە و دابینکردنی پێداویستییەوە گۆڕاوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی سۆزداری و گەشەپێدانی خۆڕاگری. وەک بینیمان، تەندروستی ئەم سیستەمە ئاڵۆزە لەسەر سێ کۆڵەکە دامەزراوە: پێوەندی کاریگەر، دۆستایەتی پارێزراو و خۆڕاگری جێگیر. لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگی حەتمی ژیانی مۆدێرندا، ئاگاداری لە ئەم بنەمایانە و هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنیان هەنگاوی یەکەمە.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت دان بەوەدا بنێین کە هەندێک لە شێوازی پێوەندی، ڕەگ و ڕیشەیان لە ئەزموون قووڵی ڕابردوودا هەیە و گۆڕینیان بە تەنهایی قورسە. لێرەدا دەروونناسی خێزان وەک زانیاری و پیشەی یارمەتیدەر، بە پێشکەشکردنی دەستێوەردانی زانستی و پێکهاتەیی دەتوانێت ڕۆڵی ڕێنیشاندەرێکی پسپۆڕ بگێڕێت.
خێزانی تەندروست، خێزانێکی بێ کێشە نییە، بەڵکو ئەو خێزانەیە کە ئامرازی پێویستی بۆ تێپەڕین لە کێشە هەیە. وەبەرهێنان بۆ فێربوونی ئەم ئامرازە، بەنرخترین دیارییە کە دەتوانین بە خۆمان و خۆشەویستانمان ببەخشین.
پەیامی کۆتایی
ئەگەر دوای خوێندنەوەی ئەم وتارە، هەست دەکەیت شێوازی پێوەندی لە خێزانەکەتدا پێویستی بە پێداچوونەوە و چاکسازی هەیە، یان ئەگەر گرژی و ئاستەنگی گەیشتووەتە ئاستێک کە بەڕێوەبردنیان قورس بووە، بزانە کە تۆ تەنیا نیت. داواکردنی یارمەتی پیشەیی، نیشانەی زیرەکی و بەهێزییە نەک لاوازی.
وەک ڕاوێژکاری خێزان، ئامادەم لە ژینگەیەکی پارێزراو و نهێنیدا، لەگەڵت بم و بە بەکارهێنانی ڕێبازی زانستی نوێ و بەڕۆژ، هەنگاو بە هەنگاو بۆ بەهێزکردنی پێوەندی خێزان و دروستکردنی گۆڕانکاری جێگیرهەوڵ بدەین.
هیوادارم ئەم وتارە سوودبەخش بووبێت. لەبیرت بێت، هەر هەنگاوێک کە بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی پێوەندی خێزانیت دەینێیت ، وەبەرهێنانێک لە تەندروستی دەروونی و داهاتووی بەختەوەر بۆ خۆت و خۆشەویستەکانتە.
هیوای بنه ماڵەیەی به هێز و پڕ لە خۆشه ویستی





