پوختەیەک لەو تیۆریە:
ئەلبێرت باندۆرا، دەروونناسێکی نێوبەدەرەوەی کەنەدی-ئەمریکی بوو، کارێکی زۆری لەسەر پەرەسەندنی دەروونناسیفێربوون (Social Learning Theory)وتیۆری ناسین-کۆمەڵگا (Social Cognitive Theory ) بوو و ڕۆڵێکی گرینگی لە دەرونناسیفێربوون و گەشەکردنی کەسایەتی بوو بە بۆنەی خستنەڕووی تیۆری فێربوونیکۆمەڵایەتی و پاشان تیۆری ناسینی کۆمەڵایەتی . باندورا نیشانیدا کە فێربوون تەنها لە ڕێگەی بەهێزکردن و سزادانەوە دروست نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی چاولێکردن، سەرمەشقهەڵگرتن و کارلێکی ناسینیشەوە ڕوودەدات (باندورا، ١٩٧٧). ئەو وتارە بەدواداچوون بۆ بنەما تیۆریەکان ،چەمکە سەرەکییەکان و بەکارهێنانی تیۆری باندورا دەکات.
پێشەکی:
لە دەیەی1960، تیۆری ئاکارناسی وەکوو مەرجدارکردنی کلاسیک لە لوتکەدا بوون، بەڵام باندۆرا ڕەخنەی لەم بۆچوونە لاساییکەرانە گرت و تیۆرێکی خستەڕوو کە تێیدا فێربوون وەک پرۆسەیەکی چالاک و ناسینی و کۆمەڵایەتی پێناسە دەکرا. ئەو پێی وابوو مرۆڤەکان نەک تەنها لە ڕێگەی ئەزموونی ڕاستەوخۆوە، بەڵکو بە چاولێکردنی ئاکاری دەرەنجامەکانی ئەوانی دیکە فێر دەبن (Bandura, 1986).
1. فێربوون لە ڕێگەی چاولێکردنەوە (Observational Learning):
یەکێک لە چەمکە هەرە گرینگەکانی تیۆری باندۆرا فێربوون لە ڕێگەی چاولێکردنە. بە بۆچوونی ئەو تاکەکان دەتوانن بە چاودێریکردنی ئاکار (سەرمەشق) و دەرئەنجامەکانی تاکەکانی دیکە فێری ڕەوشت و لێهاتوویی و هەڵوێست و ئاکاری نوێ بن (Bandura, 1977).
پرۆسەی فێربوون لە ڕێگەی چاولێکردن لە چوار قۆناغی سەرەکی پێکدێت:
سەرنج (Attention): تاک دەبێت گرینگی بە ئاکاری سەرمەشق بدات.
بەبیرهێنانەوە (Retention): توانای ڕاگرتن و بنیاتنانەوەی زەینی ئەو ئاکارە.
دروستکردنی ئاکار (Motor Reproduction): توانای جەستەیی بۆ ئەنجامدانی ئاکاری فێرکراو.
پاڵنەر (Motivation): تاک دەبێت پاڵنەری بێت بۆ ئەنجامدانی ئاکارەکە؛ ئەم پاڵنەرە ڕەنگە لە ڕێگەی پاداشتی دەرەکی یان دەروونی دروست بێت، یان بە چاودێریکردنی دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی ئاکاری سەرمەشق (Bandura, 1986).
2. تاقیکردنەوەی بەناوبانگی “ بووکەڵەی بۆبۆ”(Bobo doll experiment)
لە یەکێک لە بەناوبانگترین تاقیکردنەوەکانی دەروونناسی، باندۆرا و هاوکارەکانی نیشانیان دا کە ئەو منداڵانەی سەیری ڤیدیۆیەکی گەورەساڵان کە بە توندوتیژی لە بووکەڵەیەک دەدات دەکەن ،هەمان ئاکاری شەڕەنگێزانەیان لە کایەکانی خۆیاندا لاسایی کردووە (Bandura, Ross, & Ross, 1961). ئەم تاقیکردنەوەیە بەڵگەی بەهێزی لە دژی تیۆرییەکانی ڕەفتارگەرایی پێشکەش کرد و ڕۆڵی فێربوونیلاساییکەری لە گەشەکردنی ئاکاردا پشتڕاستکردەوە.
3. فێربوون لە ڕێگەی بەهێزکردنی جێگرەوە (Vicarious Reinforcement)
باندۆرا جەخت لەوە دەکاتەوە کە فێربوون دەتوانێت بەبێ ئەزموونی ڕاستەوخۆ ڕووبدات. مرۆڤەکان بە ڕەچاوکردنی پاداشت یان سزای کەسانی دیکە ئاکارەکانیان دەگۆڕن. ئەم پرۆسەیە پێی دەوترێت بەهێزکردنی جێگرەوە (Bandura, 1977). هەر لەبەر ئەم هۆکارە، شێوازە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر گەشەکردنی بەها و ئاکارەکان هەیە.
4. تیۆری ناسینی-کۆمەڵایەتی و خۆکارامەیی (Self-Efficacy)
باندورا لە دەیەی ۱۹۸۰ تیۆری خۆی فراوانتر کرد و تیۆری ناسینی-کۆمەڵایەتی ناساند کە جەخت لەسەر کارلێکی سێلایەنەی نێوان تاک و ئاکار و ژینگە دەکاتەوە. ئەم کارلێکەشی بە “دەستنیشانکردنی بەرامبەر” (Reciprocal Determinism) ناوبرد (Bandura, 1986).
چەمکی ناوەندی ئەم تیۆرییە بریتییە لە خۆکارامەیی (Self-Efficacy)؛ بە مانای باوەڕی تاک بە توانای خۆی لە ئەنجامدانی سەرکەوتووانەی ئاکارێکی دیاریکراو . باندۆرا نیشانیدا کە ئاستی خۆکارامەیی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەڵبژاردنی ئاکار، کۆڵنەدان، ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەستەکان و سەرکەوتنی تاکەکەسی هەیە (باندورا، ١٩٩٧).
5. بەکاربردنی تیۆری باندورا لە
الف)فێرکاری و پەروەردە:
تیۆری باندۆرا بنەمای زۆرێک لە شێوازە پەروەردەییەکانە کە لەسەر بنەمای فێربوونی کۆمەڵایەتی دامەزراون. مامۆستا و دایک و باوک و هاوتەمەنەکان ڕۆڵێکی گرینگ لە فێربوونی منداڵاندا دەگێڕن.
ب) چارەسەری دەروونی:
لە ڕێبازەکانی چارەسەری کاگنتیڤ تراپی (CBT)دا، باوەڕ بە خۆ و دەستکاریکردنی شێوازە ناسینیە نەرێنییەکان بنەمای سەرەکیین کە ڕەگیان لە تیۆری باندورادا هەیە. ڕاهێنانی لێهاتوویی و سەرمەشق گرتن و بەهێزکردنی خۆکارامەیی لە چارەسەرکردنی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و تێکچوونی ئاکاردا بەکاردەهێنرێت (Maddux & Gosselin, 2011).
ج) تەندروستی و خۆپاراستن
بەرنامەکانی زۆرکردنی تەندروستی دەروونی، چارەسەری ئالوودەبوون، یان کۆنترۆڵکردنی کێش زۆرجار سەرنج دەخەنە سەر زۆرکردنی خۆکارامەیی تاک؛ باندۆرا نیشانیدا کە باوەڕ بە توانای تاکەکەسی مەرجێکی پێویستە بۆ گۆڕینی بەردەوامی ئاکار (باندورا، ٢٠٠٤).
6. ڕەخنە و ئاستەنگیەکان
ڕەخنەگران پێیان وایە تیۆری باندۆرا سەرەڕای داهێنانەکانی، ڕەنگە ئاڵۆزی پرۆسە دەروونیەکانی وەک هەست و پاڵنەری قووڵ و ئەزموونە بوونگەراییەکانی پشتگوێ خستبێ (Corey, 2017). هەروەها ڕەنگە چەمکی خۆکارامەیی لە کولتوورە جیاوازەکاندا مانای جیاوازی هەبێت.
بەڵام توانای تێکەڵکردنی بۆچوونی ناسینی ، ئاکاری و کۆمەڵایەتی وایکردووە تیۆری باندۆرا ببێتە یەکێک لە تیۆرییە گشتگیر و بەسوودەکان لە دەروونناسی ئەوڕۆیی.
دەرەنجام
ئەلبێرت باندۆرا بە پێشکەشکردنی تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتی-ناسینی شۆڕشێکی بنەڕەتی لە تێگەیشتن لە پرۆسەکانی فێربوون ، گەشەکردنی کەسایەتی و ڕۆڵی ژینگەی کۆمەڵایەتیدا دروستکرد. چەمکەکانی سەرمەشق وەرگرتن ، خۆکارامەیی و فێربوونی لە ڕێگەی چاولێکردن دا لە بوارەکانی پەروەردە، چارەسەری دەروونی، تەندروستی و میدیای گشتیدا جێگایەکی دیاریان هەیە . باندۆرا بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی چالاکانەی مرۆڤ لە فێربووندا، دەروونناسیی هەنگاوێک لە تێگەیشتن لە ئاڵۆزییە ڕاستەقینەکانی ئاکاری مرۆڤ نزیک کردەوە.
سەرچاوەکان (بە شێوازی APA):
• Bandura, A. (1977). Social learning theory. Englewood Cliffs, NJ: Prentice-Hall.
• Bandura, A. (1986). Social foundations of thought and action: A social cognitive theory. Englewood Cliffs, NJ: Prentice-Hall.
• Bandura, A. (1997). Self-efficacy: The exercise of control. New York: Freeman.
• Bandura, A. (2004). Health promotion by social cognitive means. Health Education & Behavior, 31(2), 143–164. https://doi.org/10.1177/1090198104263660
• Bandura, A., Ross, D., & Ross, S. A. (1961). Transmission of aggression through imitation of aggressive models. Journal of Abnormal and Social Psychology, 63(3), 575–582.
• Maddux, J. E., & Gosselin, J. T. (2011). Self-efficacy. In S. J. Lopez & C. R. Snyder (Eds.), The Oxford handbook of positive psychology (2nd ed., pp. 227–235). Oxford University Press.
• Corey, G. (2017). Theory and practice of counseling and psychotherapy (10th ed.). Cengage Learning.
وەرگێڕ: سەحەر مودەڕرەسی