توێژینەوەیەک کە لە چین ئەنجامدراوە دەریخستوە ئەو کەسانەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بەرچاویان هەیە، کەمتر بەشداری لە ئاکارە کۆمەڵایەتییە ئەرێنییەکان دەکەن، بەتایبەتی کاتێک ئەم ئاکارانە پێویستیان بە هەوڵدان هەیە. بەڵام ئەم کاریگەرییە تەنها لەو ئەرکانەدا بەدیکرا کە لەو کەسانەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییان هەبوو چاوەڕوان دەکرا شتێک بۆ کەسێکی دیکە بەدەستبهێنن.
لەبەرامبەردا، کاتێک ئامانج ڕێگریکردن لە لەدەستدانی کەسێکی تر بوو، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو بەشداربووانەی کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بەرز و نزمیان هەبوو، نەبینرا. توێژینەوەکە لە گۆڤاری نێودەوڵەتی دەروونناسی کلینیکی و تەندروستی بڵاوکراوەتەوە.
دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بە ترسێکی توند لە حوکمدان، شەرمکردن، یان هەڵسەنگاندنی نەرێنی لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕوون دەبێتەوە. ئەو کەسانەی کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییان هەیە بە گشتی خۆیان لە کارلێکی کۆمەڵایەتی بەدوور دەگرن یان بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر بەرگەی دەگرن. ئەو بارودۆخانەی کە بە شێوەیەکی باو دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن بریتین لە قسەکردن لەبەردەم خەڵکدا، ناسینی کەسانی نوێ، یان ئەنجامدانی ئەرکەکان لەکاتێکدا کەسانی دیکە سەیر دەکەن.
ئەو کەسانەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییان هەیە، لەوانەیە تووشی نیشانەی جەستەیی وەک ئارەقکردن، لەرزین، لێدانی خێرای دڵ، یان سکچوون ببن. ئەم حاڵەتە دەتوانێت ژیانی ڕۆژانە تێک بدات و لەسەر دروستکردنی پێوەندی، سەرکەوتن لە پیشە، یان بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا کاریگەری نەرێنی ببێت. دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بەگشتی لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەست پێدەکات و ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەتوانێت تا تەمەنی گەورەسالی بەردەوام بێت.
توێژینەوەیەک بە سەرپەرشتی یە یانگ و هاوکارەکانی …. تا ئاکاری کۆمەڵایەتی ئەرێنی ئەو کەسانەی کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بەرزیان هەیە پشکنین بکەن و بەراوردیان بکەن بە ئاکاری ئەو کەسانەی کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی کەمیان هەیە. توێژینەوەکانی پێشوو دەریانخستووە کە ئەو کەسانەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی زۆریان هەیە، کەمتر بەشداری لە ئاکارە کۆمەڵایەتییە ئەرێنییەکان دەکەن. بۆ نموونە، کەمتر بە شێوەی خۆبەخشانە بەشداری ئەو ئەرکانە دەکەن کە سوود بە کەسانی دیکە دەگەیەنن و هەروەها بە شێوەیەکی گشتی لە یارییە ئابوورییەکاندا کەمتر بەخشندەن.
ئەم مەیلانە ڕەنگە لە ترسی هەڵسەنگاندنی نەرێنی و ڕەتکردنەوە و شەرم لەقسەکردن لەگەڵ کەسانی دیکەدا سەرچاوە بگرن. خۆئاگاداری بە شێوەیەکی توند و ئاکاری دوورکەوتنەوە، وا دەکات ئەم تاکانە دەستپێشخەری یان بەشداریکردن لە کرداری یارمەتیدەر بۆیان قورس بێت ، تەنانەت کاتێک کە حەزیان لێیە.
بەم پێیە، نووسەرانی توێژینەوەکە گریمانەیان کردووە کە ئەو کەسانەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بەرزیان هەیە، له شوێنە گشتییەکاندا کەمتر بەشداری لە ئاکارە کۆمەڵایەتییە ئەرێنییەکان دەکەن. بەڵام پێشبینیان کرد کە جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ئەو کەسانەی کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییان هەیە و کەسانێک کە بێ دڵەڕاوکێن نیە کاتێک ئەم ئاکارانە لە شوێنە تایبەتەکاندا ڕوودەدەن.
توێژەران دوو تاقیکردنەوەیان ئەنجامداوە. لە یەکەم تاقیکردنەوەدا ٣٧ خوێندکاری زانکۆ کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی زۆریان هەبوو و ٣٦ خوێندکار کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی کەمیان هەبوو بەشداریان کرد. ڕێژەی تەمەنیان نزیکەی ٢٠ ساڵ بووە. هەر بەشداربوویەک دوو بلۆکی تەواو کرد کە ٨٠ تاقیکردنەوە لە خۆیان دەگرن و بۆ پێوانەکردنی ئاکارە کۆمەڵایەتییە ئەرێنییەکان داڕێژراون. بلۆکێک لە شوێنێکی تایبەتدا ئەنجامدرا (واتە بەشداربووەکە بە تەنیا لە ژوورێکدا بوو کە هێدفۆنی لە گوێدا بوو)، لە کاتێکدا بلۆکەکەی دیکە لە شوێنێکی گشتیدا ئەنجامدرا کە دوو چاودێر (یەکێکیان پیاو و یەکێکیان ژن) ئامادەبوون و فیدباکێکی دەنگی لە ڕێگەی بڵندگۆوە لەبری هێدفۆن پێشکەشکرا.
لە هەر بلۆکێکدا نیوەی تاقیکردنەوەکان پێویستیان بەوە بوو کە بەشداربووان هەوڵبدەن بۆ قازانجی خۆیان، نیوەکەی تریش پێویستیان بە هەوڵدان بوو بۆ قازانجی کەسێکی تر (کە ئەمەش خەیاڵی بوو، هەرچەندە بەشداربووان ئاگاداری ئەوە نەبوون).
ئەو ئەرکەی لەسەر بنەمای هەوڵدانە بریتی بوو لە فشاردانی کلیلی “Q” لەسەر کیبۆردێک بە خێرایی لە ماوەی پێنج چرکەدا بۆ بەدەستهێنانی پاداشتێکی دارایی گەورەتر، لەگەڵ ژمارەی لێدانی کلیلەکان پارەکە دیاری دەکرا. بەشداربووان دەتوانن دەرئەنجامێکی پێشوەختە قبوڵ بکەن کە پێویستی بە هیچ هەوڵێک یان ئەرکی فشاردانی کلیل نەبوو کە ئەنجام بدەن. ژمارەی فشاردانی کلیلەکان وەک نیشاندەری هەوڵدان تۆمارکرا. لەم ئەرکانەدا، بەشداربووان ئامێری ئەلکترۆئێنسفالۆگرافی (EEG)یان لەسەردا بوو.
بەشداربووانی هاوشێوە بە بەکارهێنانی شێوازێکی هاوشێوە بەشدارییان لە تاقیکردنەوەی دووەمدا کرد. بەڵام لەبری ئەوەی پاداشتێک بەدەستبهێنن، ئەرکەکە لەسەر دوورکەوتنەوە لە زیان بوو. ئەگەر بەشداربووان بڕیاریان دا هەوڵ نەدەن، ئەوا ڕووبەڕووی زیانێکی ٩٠ سەنت دەبنەوە، کە بەپێی تاقیکردنەوەکە دەکرێت بۆ خۆیان یان بۆ کەسێکی تر بێت. ئەگەر بڕیاریان دا هەوڵ بدەن- بە فشاردان لەسەر کلیلی “Q” بە زۆرترین جار لە ماوەی پێنج چرکەدا- دەتوانرێت زیانەکە کەم بکرێتەوە بۆ 10 سەنت، ئەگەر سەرکەوتوو ببوایەتن.
تاقیکردنەوەی یەکەم دەریخست کە ئەو بەشداربووانەی کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییان زۆرە، ئەگەری ئەوە زیاترە بۆ خۆیان هەوڵ بدەن نەک بۆ کەسانی دیکە. لە بەرامبەردا، ئەو بەشداربووانەی کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی کەمیان هەبووە لە هەردوو سیناریۆکەدا بە یەکسانی هەوڵیان دەدا. بەڵام لە کاتی هەوڵداندا، بەشداربووانێک کە دڵەڕاوکێی نزمیان بوو لە بەدەستهێنانی سوود بۆ خۆیان لە چاو ئەوانی تر سەرکەوتووتربوون. لە کاتێکدا ئەو بەشداربووانەی کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بەرزیان هەبووە، لە دابینکردنی سوود بۆ خۆیان و کەسانی دیکە ئەدای یەکسانیان نیشانداوە.
تاقیکردنەوەی دووەم دەریخست کە هەموو بەشداربووان زیاتر ئامادەبوون هەوڵبدەن ڕێگری لە زیانی خۆیان بکەن نەک لە هی ئەوانی دیکە. بەڵام بە پێچەوانەی تاقیکردنەوەی یەکەم، جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ئەو بەشداربووانەی کە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بەرز و نزمیان هەبووە لە بڕی ئەو هەوڵانەی کە خەرجیان کردووە بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات، نەبووە. جگە لەوەش، ژینگەی گشتی بەرامبەر بە ژینگەی تایبەت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئاکار لە هیچ کام لە تاقیکردنەوەکاندا نەبوو.
نووسەرانی توێژینەوەکە گەیشتنە ئەو ئەنجامە: “لەکاتێکدا دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی ئاکارە کۆمەڵایەتییە ئەرێنییەکانی تاک کەمدەکاتەوە، دڵەڕاوکێی هەڵسەنگاندن و ئامانجە هەستیارەکان لە کرداردا دەتوانن
کاریگەری بەشێکیان کەمبکەنەوە. ئەم دۆزینەوانە زۆر گرنگن بۆ پەرەپێدانی شێوازەکانی باشترکردنی تەندروستی دەروونی و بەرزکردنەوەی ئاستی کارلێکە کۆمەڵایەتییە تەندروستەکان”.
ئەم توێژینەوەیە ڕۆشنایی دەخاتە سەر پێوەندی نێوان دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و ئاکارە کۆمەڵایەتییە ئەرێنییەکان. بەڵام گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم توێژینەوەیە قازانج و زەرەری دارایی تاڕادەیەکی بچووک و پێویستی بە هەوڵی کەم و وەرگرانی خەیاڵی ئاکارە کۆمەڵایەتییە ئەرێنییەکانی لەخۆگرتبوو. ئەگەر بارودۆخی گرنگتر هەبوایە- وەک پێویستی بە هەوڵی زیاتر یان بەشداریکردنی کەسانی ڕاستەقینە کە بەشداربووان دەیانناسن- لەوانەیە ئەنجامەکان جیاواز بوونایە.
The paper, “Social anxiety undermines prosocial behaviors when required effort,” was authored by Ye Yang, Yan Zhou, Huijuan Zhang, Hui Kou, Jia Zhao, Jiangli Tian, and Cheng Guo