افسردگی -
تعداد لایک: 41
تعداد لایک: 41

هۆکارەکانی مەترسی بۆ خەمۆکی لە مرۆڤی سەدەی بیست و یەکەمدا

هۆکاری مەترسی خەمۆکی لە مرۆڤی سەدەی بیست و یەکەم: پاشخانی بایۆلۆژی، دەروونی و کۆمەڵایەتی لە جیهانی هاوچەرخدا

پوختەیەک لەسەر بابەتەکە

خەمۆکی، وەک یەکێک لە باوترین و لاوازکەرترین تێکچوونە دەروونییەکانی سەردەمی ئێستا، ڕەگ و ڕیشەی لە هۆکاری جۆراوجۆری بایۆلۆژی و دەروونی و کۆمەڵایەتیدا هەیە. لە سەدەی بیست و یەکەمدا گۆڕانکاری بەرفراوان لە پێکهاتەکانی ژیانی تاکەکەسی و دکۆمەڵایەتی، شێوازی ژیانی مۆدێرن، تەکنەلۆژیای نوێ، فشارە ئابوورییەکان، پەککەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و قەیرانە جیهانییەکان بەشداربوون لە زیادبوونی بڵاوبوونەوە و توندی خەمۆکی. لەو بابەتەدا هۆکارە سەرەکییەکانی مەترسی خەمۆکی لە سەردەمی ئێستادا دەخەینەڕوو و پەیوەندی نێوان مرۆڤی مۆدێرن و قەیرانی خەمۆکی شیدەکەینەوە.⸻

۱. پێشەکی

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) خەمۆکی بە “پەتایەکی بێدەنگ”ی سەدەی بیست و یەکەم ناودەبات؛ چونکە نزیکەی 5%ی دانیشتوانی جیهان تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن، و ئەو ژمارەیە هەندێکجار دەگاتە 10% لە کۆمەڵگا پیشەسازییەکان (WHO، 2021). مرۆڤی هاوچەرخ تووشی جۆرەها فشاری درێژخایەن دەبێت کە پێشتر لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نەبینراوە. بۆیە تێگەیشتن لە سەرچاوە و هۆکارەکانی مەترسی خەمۆکی لە چوارچێوەی ژیانی هاوچەرخدا پێشمەرجێکی بنەڕەتییە بۆ خۆپاراستن و دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییە.

۲. هۆکارەکانی مەترسی بایۆلۆجی

۲.۱ بۆماوەیی و جینات

توێژینەوەکانی دوانە و خێزان دەریانخستووە کە بۆماوەیی(جینیان ژێن) ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە ڕوودانی خەمۆکیدا؛ بە تایبەتی، لە نەخۆشی خەمۆکی سەرەکیدا، نزیکەی 37%ی واریانس دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارە بۆماوەییەکان (Kendler et al., 2006).

۲.۲ ناهاوسەنگی گواستەرە دەمارییەکان

نەبوونی هاوسەنگی لە کارکردنی گواستەرە دەمارییەکانی وەک سیرۆتۆنین، دۆپامین و نۆڕئەپینفرین پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ڕوودانی خەمۆکییەوە هەیە (Mayo Clinic 2022).

۲.۳ هۆکارەکانی نۆڕۆئاناتۆمیک و نوروئەندۆکرین

کەمبوونەوەی قەبارەی هیپۆکامپ، تێکچوونی کارکردنی HPA، و دەردانی درێژخایەنی کۆرتیزۆڵ لە وەڵامی فشاردا نیشاندەری بایۆلۆژین کە پەیوەندییان بە خەمۆکییەوە هەیە (Duman et al., 2006).

۲.۴ گۆڕانی هۆرمۆنەکان

گۆڕانی هۆرمۆنەکان لە کاتی دووگیانی، منداڵبوون، وەستانی سوڕی مانگانە، یان تێکچوونی غودەی دەرەقی(تیرۆئید) لە خانماندا دەتوانێت ببێتە هۆی خەمۆکی.(Duman et al.,2006)

۳. هۆکارەکانی مەترسی دەروونی) Psychological Risk Factors)

۳.۱ شێوازە ناسینیە نەرێنییەکان

ئەو کەسانەی کە شێوازی بیرکردنەوەی نەرێنییان هەیە، کارەساتباردروست دەکەن، ڕەخنەی توند لە خۆیان دەگرن، خوێندنەوەی دەروونی نەرێنییان هەیە، یان بیروباوەڕی ناکارامەیان هەیە (بۆ نموونە، “من بێ بەهام”) زیاتر تووشی خەمۆکی دەبن ( Beck1976).

۳.۲ ئەزموونە زەبر و زیانبەخشەکانی منداڵی

دەستدرێژی سێکسی، پشتگوێخستنی دایک و باوک، ڕەتکردنەوە، یان گیرۆدەیی ناتەندروست لە منداڵیدا ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن لە لاوازی دەروونی گەورەساڵان (Anda et al., 2006).

۳.۳ تایبەتمەندییە لاوازەکانی کەسایەتی

وەکو خۆدەربڕینی زۆر، گیرۆدەیی، کامڵخوازی، دوورکەوتنەوە لە سۆزداری، یان ڕێخستنی زۆر دەتوانن مەترسی خەمۆکی زیاد بکەن (Blatt, 2004).

۳.۴ بێتوانایی لە ڕێکخستنی هەستەکان

لە سەدەی بیست و یەکەمدا خێرایی ژیان و فشارە بەردەوامەکان بووەتە هۆی لاوازی لە ڕووبەڕووبوونەوە و تواناکانی بەڕێوەبردنی فشار، کە هۆکاری گرینگن بۆ خەمۆکی.

۴. هۆکارەکانی مەترسی کۆمەڵایەتی و کولتووری

۴.۱ تەنیایی درێژخایەن و تێکچوونی پەیوەندییە مرۆییەکان(Socio-Cultural Risk Factors)

ژیانی شار، کۆچ و داڕمانی بنەماڵەی نەریتی و زیادبوونی پەیوەندی لە ژینگەی ئەلیکترۆنی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و زۆر بوونی. تەنیایی؛ هۆکارێک کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خەمۆکییەوە هەیە (Cacioppo et al., 2010).

۴.۲ هەژاری و بێکاری و نایەکسانی ئابووری

فشاری ئابووری، نابوونی کار، هەڵاوسان، قەرز و هەژاری درێژخایەن لە گرینگترین هۆکارەکانی خەمۆکیدان، بەتایبەتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا (Patel et al., 2010).

۴.۳ کولتوری بەکاربەر و بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دروستکردنی بەراوردکاریی بەردەوام هەستی ناتەواوی و خۆبەکەمزانی بەهێزتر کردووە. ئایدیاڵە ناڕاستەقینەکان سەبارەت بە جوانی، سەرکەوتن یان سامان هەستەکانی شکست و خەمۆکی زیاد دەکەن (Twenge & Campbell, 2018).

۴.۴ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان

بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان (وەک کۆڤید-١٩)، شەڕ، قەیرانی ژینگە، گۆڕانی کەشوهەوا ترس و بێهیواییان لە داهاتوو زیاد کردووە، کە لە هۆکاری خەمۆکیدا بەشدارن (Pfefferbaum & North, 2020).

۵. کاریگەری تەکنەلۆجیا و میدیا لەسەر دەرونی خەمۆکی مرۆڤی پێشکەوتوودا(مۆدێڕن)

لە سەدەی بیست و یەکەمدا مرۆڤ زیاتر لە جاران بەرکەوتی هاندانی بەردەوام و هەواڵی نەرێنی و بەراوردکاری کۆمەڵایەتی و ئالوودەبوونی شاشەیە. ئەو هۆکارانە دەتوانن ببنە هۆی:
• کەمکردنەوەی کوالێتی خەو
• سنووردارکردنی کارلێکەکانی ژیانی ڕاستەقینە
• تێکدانی سەرنج و ڕەزامەندی و دەروون
• وا لە مرۆڤ بکەن تووشی ماندوویی ناسینی و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بێت

(Pantic, 2014; Przybylski & Weinstein, 2017)

۶. تێکەڵکردنی هۆکارەکانی مەترسی و شێوازی بایۆ-دەروونی کۆمەڵایەتی

ئەمڕۆ، پسپۆڕانی تەندروستی دەروونی ڕوانگەی بایۆ-دەروونی-کۆمەڵایەتی وەک گشتگیرترین شێواز لە تێگەیشتن لە خەمۆکیدا قبوڵ دەکەن. ئەو بۆچوونە باس لەوە دەکات کە هیچ کام لە هۆکارەکان بە تەنیا یەکلاکەرەوە نین، بەڵکو کارلێککردنیان دەبێتە هۆی ڕوودان یان خۆپاراستن لە خەمۆکی.

۷. دەرئەنجام

خەمۆکی لە سەدەی بیست و یەکدا تەنیا تێکچوونێکی دەروونی تاکەکەسی نییە، بەڵکو نیشانەی قەیرانی بوونخوازی مرۆڤە لە جیهانێکی خێرا و کێبڕکێی و لێپچڕاو و ئاڵۆزدا. تێگەیشتنێکی ورد لە هۆکارەکانی مەترسی خەمۆکی و ناسینەوەیان لە ئاستی تاک و کۆمەڵایەتی و پێکهاتەییدا مەرجێکی پێویستە بۆ خۆپارێزی و چارەسەری ئامانجدار و زۆرکردنی خۆڕاگری دەروونی لە مرۆڤی هاوچەرخدا.

سەرچاوەکان (بە شێوازی APA):
• American Psychiatric Association. (2013). Diagnostic and statistical manual of mental disorders (5th ed.). Washington, DC.
• Anda, R. F., Felitti, V. J., Bremner, J. D., et al. (2006). The enduring effects of abuse and related adverse experiences in childhood. European Archives of Psychiatry and Clinical Neuroscience, 256(3), 174–186.
• Beck, A. T. (1976). Cognitive therapy and the emotional disorders. New York: International Universities Press.
• Blatt, S. J. (2004). Experiences of depression: Theoretical, clinical, and research perspectives. American Psychological Association.
• Cacioppo, J. T., et al. (2010). Social relationships and depression. Annals of the New York Academy of Sciences, 1206(1), 55–61.
• Duman, R. S., et al. (2006). A molecular and cellular theory of depression. Archives of General Psychiatry, 63(7), 665–672.
• Hayes, S. C., et al. (2004). Mindfulness and acceptance: Expanding the cognitive-behavioral tradition. Guilford Press.
• Kendler, K. S., et al. (2006). A twin study of major depression. Archives of General Psychiatry, 63(11), 1137–1144.
• Mayo Clinic. (2022). Depression (major depressive disorder). Retrieved from www.mayoclinic.org
• Patel, V., et al. (2010). Addressing the burden of mental, neurological, and substance use disorders. The Lancet, 377(9766), 1553–1563.
• Pantic, I. (2014). Online social networking and mental health. Cyberpsychology, Behavior, and Social Networking, 17(10), 652–657.
• Pfefferbaum, B., & North, C. S. (2020). Mental health and the COVID-19 pandemic. New England Journal of Medicine, 383, 510–512.
• Przybylski, A. K., & Weinstein, N. (2017). Digital screen time limits and young children’s psychological well-being. Child Development, 88(6), 1880–1896.
• Twenge, J. M., & Campbell, W. K. (2018). Associations between screen time and lower psychological well-being. Preventive Medicine Reports, 12, 271–283.
• World Health Organization (WHO). (2021). Depression. https://www.who.int/news-room/fact-sheets/detail/depression

تعداد لایک: 41

5 وتاری دوا لەم بەشە بەردەستە بۆ تۆ.

برنامه-ریزی-در-نوجوانان
فێرکردنی توانایی پلاندانان بە هەرزەکاران
زمان مطالعه: 8 دقیقه
اختلال-اضطراب-فراگیر-0
تێکچوونی دڵەڕاوکێی گشتگیر
زمان مطالعه: 10 دقیقه
افسردگی -
هۆکارەکانی مەترسی بۆ خەمۆکی لە مرۆڤی سەدەی بیست و یەکەمدا
زمان مطالعه: 10 دقیقه
ترس-از-ریاضی-تا-اعتماد-به-نفس
لە ترسی بیرکارییەوە بۆ متمانە بە بیرکاری
زمان مطالعه: 10 دقیقه
خشونت-خواهران-و-برادران
زۆرجار ژنان زیاتر لە پیاوان بەرامبەر خوشک و براکانیان توند و تیژی دەکەن
زمان مطالعه: 10 دقیقه

دەتوانین لەسەر ئەم بابه‌ته قسه بکەین.

نسرین-حسینی-روانشناس-کازیوه
نه‌سرین حوسەینی
کارناسی باڵای دەروونناسی

کۆرسێکی کە بۆ زۆربەی خەڵک سودمەند بووە.

لێدوان

لێدوانی تۆ سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته چیه؟

لێدوانێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *