توێژینەوەکان دەریدەخەن کە گۆڕانکاری لە سۆز زۆرجار پێش گۆڕانکاریی لە ئاکار و کردەوە خۆ نیشان دەدات.
تێگەیشتن لە چۆنیەتی چاکبوونەوەی مرۆڤەکان کە خەمۆکیان بووە ڕۆڵێکی گرینگی هەیە بۆ باشتر و کاریگەرترکردنی چارەسەرەکانی ئەو نەخۆشیە. توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری ڕاوێژکاری و دەروونناسی کلینیکیدا بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات کە گۆڕانکاری سۆز و بیرۆکە زۆرجار لە درێژەی چارەسەروەرگرتن دا پێکەوە ڕوودەدەن، لەکاتێکدا باشتربوونی ئاکار ، وەک زیادبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و چالاکییەکان، دواتر خۆ نیشان دەدەن.
ئامانج لە چارەسەری خەمۆکی، وەک چارەسەری سی بی تی (CBT) یان مایند فوڵنێس (mindfulness)، کەمکردنەوەی حاڵەتە دەروونیە خڕاپەکان و زیادکردنی هەستە ئەرێنییەکانە لەڕێگەی گۆڕینی هەڵسوکەوت یان خستنه ئاستەنگی و دژایەتی سەرمەشقی بیرۆکە نەرێنیەکان. لە کاتێکدا کە کاریگەری ئەم چارەسەرانە سەلمێنراوە، بەڵام تایبەتمەندییەکانی چۆنێتی و کاتی ڕوودانی ئەم گۆڕانکاریانە بە باشی پشت ڕاست نەکراوەتەوە. ئایا گۆڕانکاری لە کردەوەکان یان بیرکردنەوە دەبێتە هۆی باشتربوونی هەست و سۆز، یان بە پێچەوانەوە؟ ئەم توێژینەوەیە دەیەوێ وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.
ئیڤلین سنەیپ (توێژەری باڵا لە زانکۆی گرۆنینگن ) نووسەری توێژینەوەکە دەڵێت: “دەستمکرد بە لێکۆڵینەوە لە کاتی ڕوودانی گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەی نەرێنی، هەستی خەمۆکی، چالاکیی و بەرکەوتنە کۆمەڵایەتیەکان، چوون حەزم لە شێوازی کاریگەری گۆڕانکاریەکان بوو لە چاکبوونەوەی خەمۆکی دا “.
ئەمە ڕەنگە نیشانەیەک بێت کە گۆڕانکاری لە چۆنیەتی بیرکردنەوە و کردەوەی مرۆڤەکان شێوەیەکی چارەسەرە کە هەستی خەمۆکی کەمتر دەکات.
کاتێک نیشان بدەین مرۆڤەکان پێش ئەوەی هەست بکەن بە باشتربوون شێوازی بیرکردنەوە و ئاکاریان دەگۆڕن، ڕەنگە بتوانین نیشان دەین کە ئەو کەسانەی بەدەست خەمۆکییەوە دەناڵێنن دەتوانن سوود لە کەمکردنەوەی بیرۆکەی نەرێنی و زیادکردنی چالاکی و بەشداریکردن لە کار و بەرکەوتنی کۆمەڵایەتی وەرگرن.
توێژینەوەکە ٣٢ کەسی گەورەساڵی لەخۆگرتووە کە تووشی نەخۆشی خەمۆکی ماژۆڕ بوون و چارەسەری دەروونییان بۆ کراوە.
لە ماوەی چوار مانگدا، زانیاری و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان لەسەر ئەزموونی ڕۆژانەی بەشداربووان کۆکردەوە به بەکارهێنانی هەڵسەنگاندنی ژینگەیی، که شێوازێکە لەسەر بنەمای مۆبایلە زیرەکەکان و هانی خەڵک دەدات بۆ تۆمارکردنی باری دەروونی و بیرکردنەوە و هەڵسووکەوتیان بۆ چەند جارێک لە ڕۆژدا.
بەشداربووان بار و دۆخی هەست و سۆزی خۆیان بە ئاماژە کردن بە ئاستی دڵتەنگی و دڵخۆشی وە هەروەها شێوازی بیرۆکەی خۆیان بە ڕاپۆرتکردنی ئاستی نیگەرانییەکانیان و ئەرێنی یان نەرێنی بوونی بیرکردنەوەکانیان هەڵسەنگاند. هەروەها بەدواداچوون بۆ هەڵسووکەوت و ئاکارەکانیان کرا بە ڕاپۆرتکردنی ژمارەی بەرکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو چالاکییانەی کە بەشدارییان تێدا کردووە. زانیاریەکان بە بەکارهێنانی یاسایەکی زانستی هەژمار کردن کە پێی دەوترێت شییکاری خاڵی گۆڕانکاری، کە خاڵی بەرچاو لە زانیاریەکانی پەیوەست بە کات دەستنیشان دەکات، پێداچوونەوەیان بۆ کرا.
توێژەران دەریانخست کە چارەسەری سۆز و بیرۆکە (cognitive )زۆرجار لە یەک کات دا ڕوودەدات. بۆ نموونە، بەشداربووان کەمبوونەوەی خەمۆکی یان زیاتر بوونی دڵخۆشی بە شێوەیەکی هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی نیگەرانی یان هەستی ئەرێنی زیاتر ڕادەگەیێنن . ئەو هاوکاتییە دەردەخات کە کاریگەری و پەیوەندی لە نێوان هەڵسووکەوت ،هەستەکان و شێوازی بیرکردنەوە هەیە ،کە گۆڕانکاری لە یەکیان ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر بوارەکەی تر دابنێت.
بە پێچەوانەوە، گۆڕانکاریی لە ئاکارەکان، وەک زیادبوونی بەرکەوتنی کۆمەڵایەتی یان بەشداریکردن لە چالاکییەکاندا، دوای دەستکەوتە سۆزدارییەکان ڕوودەدەن؛ ئەو سەرمەشقە ئەوە نییشان دەدات کە تاکەکان ڕەنگە سەرەتا هەست بە هێوری و چارەسەری هەست و سۆز بکەن پێش ئەوەی دووبارە دەست بکەنەوە بە ژیانی ئاسایی و چالاکییە نوێیەکانیان.
سنەیپ دەڵێت: توێژینەوەکەمان دەریدەخات کە هەستی خەمۆکی و شێوازی بیرکردنەوەی نەرێنی زۆرجار لە کاتی چارەسەرکردنی خەمۆکیدا دەست دەکەن بە کەمتربوون؛ بۆیە مرۆڤ لە هەمان کاتدا کە کەمتر بیرۆکەی نەرێنی هەیە هەست بە باشتر بوونەوە دەکا. خاڵێکی تر ئەوەیە کە زۆرجار مرۆڤەکان پێش ئەوەی دەست بە چالاکیی و بەرکەوتنی زیاتر لەگەڵ خەڵک بکەن ،هەست بە باشتر و بوونەوە دەکەن.
ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەنجامەکان ئەو گریمانە نەریتیەیان هەڵسەنگاند کە دەیگوت گۆڕانکاریی کردەوە و بیرۆکە پێش باشتربوونی سۆز ڕوودەدات . لە جیاتی ئەو گریمانەیە، توێژینەوەکە دەریخست کە ڕەنگە دەستکەوتی هەستە ئەرێنیەکان ببێتە هۆی پرۆسەیەکی فراوانتری چاکبوونەوە ،کە هانی خەڵک دەدات زیاتر گرینگی بە ژیان بدەن و هەنگاو بنێن بەرەو گۆڕینی هەڵسووکەوتی خۆیان .
سنەیپ دەڵێت: ئێمە تێبینیمان دەکرد خەڵک سەرەتا دەست بە ئەنجامدانی چالاکیی زیاتر و بەشداری کۆمەڵایەتی بکەن پێش ئەوەی گۆڕانکاری و باشتربوون دەروونی ڕووبدات. توێژینەوەکە دەریخستووە کە لە ڕاستیدا پێچەوانەی ئەو تێبینیە ڕوودەدا ؛ زۆرجار مرۆڤەکان سەرەتا هەست بە باشتربوون دەکەن و دواتر سەرقاڵی چالاکیی و بەرکەوتنی کۆمەڵایەتی زیاتر دەبن.
ئەم توێژینەوەیە کاریگەری نێوان هەست و بیرکردنەوە و ئاکارەکان لە کاتی چارەسەری خەمۆکی دا ڕوون دەکاتەوە. بەڵام وەک هەموو لێکۆڵینەوەیەکی تر سنوور و ئاستەنگی هەیە، بۆ نموونە گۆڕانکاری لە ئاکار دا زۆر کەم بوو بۆیە پێوانی ئەو پێوەرە زەحمەت بوو، کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان هەبووبێت. هەڵسەنگاندنی وردتری چالاکییەکان، وەک کات و ئاستی هەوڵەکانیان دەتوانێت وێنەیەکی ڕوونتر بە ئێمە بدات کە چۆن ئاکارەکان لە کاتی چارەسەرکردندا دەگۆڕێن و پەرەدەستێنن.
توێژینەوەکانی داهاتوو باش وایە لەوە بکۆڵنەوە کە ئایا چارەسەرە جیاوازەکان بە یەک ڕادە گۆڕانکاری لە سۆز،بیرۆکە و ئاگار بە دی دێنن . بۆ نموونە ئایا چارەسەرەکانی کە لەسەر بنەمای mindfulness ئیش دەکەن ، لە بەراورد بە چارەسەرەکانی CBT دەبێتە هۆی باشتربوونی خێراتری باری دەروونی؟
هەروەها لێکۆڵینەوەی زۆرتر پێویستە تا تێبگەین چۆن بەکارهێنانی چارەسەرەکانی دژی خەمۆکی ، پێوەندی هەیە بە باشتربوونی خەمۆکی و گۆڕانکاری.
سنەیپ ڕوونیکردەوە: ئامانجمان پەرەپێدانی شێوازێک بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕیزبەندی ڕوودانی گۆرانکاریەکان بە چارەسەری درێژخایەن، لە ئەزموونی ژیانی ڕۆژانەدا.
بابەتی وتار:
The study, “The temporal order of emotional, cognitive, and behavioral gains in daily life during treatment of depression,” was authored by Evelien Snippe, Timon Elmer, Eva Ceulemans, Arnout C. Smit, Wolfgang Lutz, and Marieke A. Helmich.
وەرگێڕ: سەحەر مودەڕرەسی